ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران هۆشداری ده‌ده‌نه كاندیدانی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌یان
"نابێت كاندیدان له بانگه‌شه و گوتاره‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردن هێڵه سووره‌كانی ده‌وڵه‌ت ببه‌زینن"

K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ئێران هۆشداری دایه یه‌كێك له كاندیدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی، كه بڕیاره له مانگی ته‌ممووز به‌ڕێوه بچێت، له‌وه‌ی نابێت هێڵه سووره‌كانی كۆماری ئیسلامی ببه‌زێنێت.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی "میزان ئۆنلاین"ی فه‌رمیی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران، عه‌لی قاسی مه‌هر، داواكاری گشتیی تاران گوتی: "نابێت كاندیدان له بانگه‌شه و گوتاره‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردن هێڵه سووره‌كانی ده‌وڵه‌ت ببه‌زینن".
قاسی مه‌هر دووپاتیكرده‌وه، "زۆر به جددی گرنگی به‌و بابه‌ته ده‌ده‌ین" و هۆشداری ئه‌وه‌شی دا، كه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هێرش بكرێته سه‌ر "ناو و ناوبانگ"ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، كه سه‌رۆكه پارێزگاره توندڕه‌وه‌كه‌ی، ئیبراهیم ره‌ئیسی زۆرترین چانسی له بردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌یه.
یه‌كێكی دیكه له هێڵه سووره‌كان، كه داواكاری گشتیی تاران ئاماژه‌ی پێنه‌دا، گومانكردنه له پره‌نسیپی كۆماری ئیسلامی یان بنه‌مای "ویلایه‌تی فه‌قیه"، كه ره‌وایه‌تی ئه‌وه به ده‌سه‌ڵاتی ئایینی ده‌دات، راسپارده‌ی سیاسی بكات.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، رۆژی هه‌ینی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به بێده‌نگی له كه‌شوهه‌وایه‌كی بێزاركه‌ردا به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری له‌و وڵاته ده‌ستی پێكرد.
ره‌ئیسی له ساڵی 2017 به‌رامبه‌ر به حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێستای ئه‌و وڵاته، رێژه‌ی 38%ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی به‌ده‌ستهێنا.
ره‌ئیسی سوودی له بڕیاری ره‌تكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كاندید وه‌رگرتووه، كه ده‌كرا له ئه‌گه‌ری په‌سه‌ندكردنیان به‌سه‌ر ره‌ئیسیدا سهركهوتبان، ئێستاش چوار كاندیدی پارێزگاری توندڕه‌وی دیكه‌ی وه‌ك خۆی و دوو كاندیدی چاكسازیخوازان كه له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی پشتیوانییه‌كی به‌هێزیان نییه، ركابه‌رایه‌تی ره‌ئیسی ده‌كه‌ن.
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، ئایه‌توڵا عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران سنووری گوتاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی دیاركرد و فه‌رمانی به كاندیدان كرد، زیاتر گرنگی به پرسه ئابوورییه‌كان بده‌ن، به‌تایبه‌ت بێكاری گه‌نجان و رێگه‌كانی بژێوی چینی هه‌ژاران، كه ئه‌مه‌ش بوونه‌ته دوو بابه‌تی سه‌ره‌كی له هه‌ڵمه‌تی ره‌ئیسی.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیران داوا له هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، به چڕی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن، له‌كاتێكدا ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن، كه خواستی بایكۆتكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه، دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته له ساڵی 2020 رێژه‌ی بایكۆتكردن گه‌یشته 57%.
رۆژی هه‌ینی زۆربه‌ی میدیا ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر زاری حوسێن ئه‌شته‌ری، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی ئێران بڵاویانكرده‌وه، كه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو، "رووبه‌ڕووی هه‌ر كه‌سێك ده‌بنه‌وه، كه خه‌ڵك بۆ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن هان بدات".
به‌گوێره‌ی ده‌ستووری ئێران، حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئیستای ئه‌و وڵاته ناتوانێت بۆ جاری سێیه‌م خۆی بۆ ئه‌و پۆسته كاندید بكاته‌وه و هه‌ر كه‌سێك ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، بۆی نییه بۆ ماوه‌ی زیاتر له دوو ویلایه‌ت له‌و پۆسته‌دا بمێنێته‌وه.
H.B