پۆلیسی فیدڕاڵ: هێزەکانمان لە سێ قۆڵەوە بەرەو فەللوجە پێشڕەوی دەکەن

"سوپا ئاڵای عێراقی لە ناوچەی گەڕمەی فەللوجە هەڵکرد"

K24-ھەولێر

فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند هێزەکانمان لە سێ قۆڵەوە بەرەو شارۆچکەی فەللوجە لە رۆژئاوای عێراق پێشڕەوی دەکەن و لەو شەڕانە 10 "تیرۆریست" کوژران.

فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵ فەریق رائید شاکر جەودەت ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "هێزەکانمان لە سێ قۆڵەوە بەرەو فەللوجە (نزیکەی 50 کم رۆژئاوای بەغدا) پێشڕەوی دەکەن و لەو شەڕانە 10 تیرۆریست کوژران و چوار ئۆتۆمبێلی بۆبمرێژکراو تێکشکێندران".

فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵ گوتیشی: "هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵ ئەمڕۆ توانیان هەردوو گوندی ئەبو عۆدە و ئەلعەبادی و کارگەی کەلوپەلی بیناسازیی لە باکووری فەللوجە رزگار بکەن و هێزەکانمان بە خێرایی بەرەو ئامانجە دیارەکانیان پێشڕەویی دەکەن".

هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فەللوجە فەریق روکن عەبدولوەهاب ئەلساعیدی رایگەیاند: "ناوچەی گەڕمە لە رۆژهەڵاتی فەللوجە بەتەواوی پاککرایەوە و ئاڵای عێراق لەسەر باڵەخانەکانی هەڵکرا و دەیان چەکداری داعشیش لە ناوچەکە کوژران".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دوێنێ دووشەممە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجەی لە رۆژئاوای عێراق لە بندەستی چەکدارانی داعش راگەیاند.

شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق پێشتر گوتی: پرۆسەی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجە عێراقی دەبێ و داوای لە دانیشتوانی فەللوجە کرد خۆ ئامادە بکەن بۆ جێهێشتنی شارۆچکەکە.

هاوکات فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق فەریق رائید شاکر جەودەت لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "20 هەزار پۆلیسی فیدڕاڵ بە پشتیوانی زریپۆش و یەکەکانی تۆپخانە گەیشتنە ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی فەللوجە بۆ ئامادەکاریی چوونە نێو شارۆچکەکە".

شارۆچکەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار سەرەتای ساڵی 2014وە کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش و سەرەرای هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی عێراق بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام فەللوجە هێشتا لە بندەستی داعشدایە و شارۆچکەکە بە پێگەیەکی سەرەکی داعش هەژمار دەکرێت لە عێراق.

ئا: ئا ، ف