ھەدەپە نامەیەكی كراوە ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
"رەوشی سیاسی و مرۆیی لە ناوخۆی تورکیا ئامانجی سەرەکی ئەو لوتکە مرۆییە بێت"
K24 - ھەولێر
ھاوسەرۆکانی پارتی گەلانی دیموکرات (ھەدەپە) نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی بان کیمون، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیھان کردووە کە چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان نەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یەکسوکداغ، ھاوسەرۆکانی ھەدەپە، نامەیەکی کراوەیان بۆ بان کیمون و سەرجەم ئەو سەرکردانەی جیھان ناردووە کە ئێستا لە ئیستانبوڵن بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی مرۆیی جیھانی تایبەت بە پرسی پەنابەران، داوایان لێکردوون کە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئەردوغان پشتگوێ نەخەن لە باکووری کوردستان و داوایان کردووە کە پێویستە کە رەوشی سیاسی و مرۆیی لە ناوخۆی تورکیا ئامانجی سەرەکی ئەو لوتکە مرۆییە بێت.
ھەروەھا ھاوسەرۆکانی ھەدەپە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە پێویستە لە میانی ئەو لوتکەیە، ھەوڵی چارەسەریش بۆ کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا بدرێت و لەوبارەیەوە فشاری بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا.
ئەمە لە كاتێكدایە شەڕ و ئاڵۆزیی لە شارەكانی باكووری كوردستان زیاتر پەرەی سەندوە و دوای ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی توركیا كێشەكانی نێوان ھەدەپە و ئاكەپە قوڵتربوونەتەوە.