"ملیۆنێک کرێکاری بیانی لە عێراق کاردەکەن"
زۆرینەیان لە کۆمپانیا نەوتییەکاندا تۆمارکراون

K24 - هەولێر
لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی ملیۆنێک کرێکاری بیانی لە عێراق کاردەکەن، کە زۆرینەیان لە کۆمپانیا نەوتییەکاندا تۆمارکراون.
فازڵ فەتلاوی، ئەندامی لیژنەکە ئاشکرای کردووە، لە میانی بەدواداچوونی لیژنەکەیان بۆ دۆخی کرێکارانی بیانی لە عێراقدا، ئامارێکیان دەستکەوتووە، کە نزیکەی ملیۆنێک کرێکاری بیانی لە ناو عێراقدا هەن و زۆرینەیان لە کۆمپانیا نەوتییەکان کاردەکەن، ئەوەش هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکارییە، کە هەزاران دەرچووی زانکۆ بێکارن.
ئاماژە بەوەشکردووە، لیژنەکەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە هەماهەنگی کاردەکەن، بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی نووسینگە وەهمییەکان سنووردار بکەن کە کاریان هێنانی کرێکاری بیانییە و تەنیا کرێی ڤیزا وەردەگرن و مۆڵەتی نافەرمی کاریان پێدەدەن.
روونیشیکردەوە، ئەو نووسینگە وەهمیانە لە لایەنی کەسانی جێبەجێکارەوە پشتیوانیان دەکرێت.