كابینەی نوێی حكوومەتی توركیا راگەیەندرا

وەزیرانی کابینەکە لێرە بناسە

K24 - ھەولێر

بینئالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی تورکیا  ناوی وەزیرانی کابینەی 65مین ‌حکوومەتی تورکیای ئاشكرا كرد.

بەیانی ئەمڕۆ بیئالی یەڵدرم، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی تورکیا و سەرۆکی نوێی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا (ئاکپارتی) سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیای کرد و ناوی وەزیرانی کابینە نوێکەی حكوومەتی تورکیای بە سەرۆك كۆمار راگەیاند.

پێكھێنانی ئەم کابینە نوێیەی ‌حکوومەتی تورکیا دوای ئەوە دێت کە بیئاڵی، لە کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەیدا بووە سەرۆکی نوێی ئاکپارتی و ئە‌حمەد داوودئۆغلۆ نامەی دەست لە کار کێشانەوەی پێشکەشی سەرۆک کۆماری تورکیا کرد.

لە پێكھاتەی نوێی كابینەی حكوومەتی توركیا ھەر یەك لە نووره‌یدن چانكلی‌ و محه‌مه‌د شیمشه‌ك و نوعمان كورتمڵووش و یه‌ڵدرم توغرووڵ توركش وەك جێگرانی سەرۆك وەزیران دیاركران، وەزیرەكانی كابینەكە پێكھاتوون لە عیسمەت یەڵماس وەزیری پەروەردە، مەولوود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوە، ئافكان ئالا وەزیری ناوخۆ، فكری ئیشق وەزیری بەرگریی، رەجەب ئەكداغ وەزیری تەندروستی، فاتیمه‌ برتوول سایان وه‌زیری‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، ‌به‌كر بوزداغ وه‌زیری‌ داد،عومه‌ر چه‌لیك وه‌زیری‌ كاروباری‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا، فارووق دوزلووی‌ وه‌زیری‌ پیشه‌سازی‌ و ته‌كنه‌لۆجیا.

لە 4ی ئەم مانگە ئەحمەد داوودئۆغڵو، دەست لە كار كێشانەوەی خۆی لە ھەردوو پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا و سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی دایە رەجەب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە کۆنگرەی نائاسایی ئاكپارتی ھەردوو پۆستەكە بە بینئالی یەڵدرم سپێردران.