"گەندەڵی لە ریزەکانی سوپای عێراق زیادیکردووە"
وەزیری بەرگری عێراق: لە هەر فەوجێکی سوپای عێراق زیاتر لە 40 ملیۆن دینار بەناوی خەرجی خواردن دزراوە
K24 - هەولێر
گەندەڵی سەرجەم دامەزراوەکانی عێراقی داگیرکردووە، وەزیری بەرگری عێراق ئاشکرای کرد، لە هەر فەوجێکی سوپای عێراق زیاتر لە 40 ملیۆن دینار بەناوی خەرجی خواردن دزراوە.
جومعە عیناد، وەزیری بەرگری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "گەندەڵی لە ریزەکانی سوپادا زیادیکردووەو، هەر فەوجێک تەنیا بەناوی دابینکردنی خۆراک 40 ملیۆن دیناری دزیوەو، هەزار ئەفسەر لەسەر ئەو پرسە ئاڵوگۆڕی شوێنیان پێکراوە".
وەزیری بەرگری عێراق، ئاماژەی بەوەشدا "لەو یەکانەی کە خەرجیان لەسەر خەرجی گشتی سوپایە گەندەڵی گەیشتووەتە رێژەی 10٪، ئەو یەکانەش کە خۆبژیوی دەکەن و، دواجار خەرجییەکان وەردەگرنەوە، بەرێژەی 80٪ گەندەڵی تێدا زیاد کردووە".
وەزیری بەرگری عێراق باس لەوەش دەکات "دۆسیەیەک دەکەنەوە هەر ئەفسەرێک تۆمەتەکەی لەسەر ساغ ببێتەوە سزا دەدرێت".