وەزیری تەندروستی لەبارەی کەڕووی رەش روونکردنەوە دەدات

"تەنها بۆ کەسانە مەترسیدارە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە"

K24 – هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ کەسێک کە نەخۆشی درێژخایەنی نەبێت و سیستمی بەرگری لەشی لاواز نەبێت، كه‌ڕووی ره‌ش مەترسی نییە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، گوتی: "کەڕووی رەش نەخۆشییەکی زۆر جێگەی مەترسی نییە وەکو کۆرۆنا، بەڵام جیددییە، واتە دەبێت ئاگاداربین، پێچەوانەی کۆرۆنا کەڕووی رەش نەخۆشییەکە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە".

گوتیشی: "نەخۆشی کەڕووی رەش تەنها بۆ ئەو کەسانە مەترسی هەیە، کە هەڵگری نەخۆشی درێژخایەنن، وەک نەخۆشییەکانی وەک دڵ، شەکرە، گورچیلە، شێرپەنجە، بەگشتی ئەو کەسانەی سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە".

ئەمە لەکاتێکدایە لەسەرەتای ئەم مانگە مردنی کەسێک بە کەڕووی رەش لە سلێمانی راگەیەندرا.