کۆمپانیای روسنەفت پڕۆژەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات
لە ساڵی 2020 دەستیانکردووە بە پڕۆسەی گەڕان بە داوی نەوت لە کێڵگەی بجیل و کێڵگەی شێخ عادی لە هەرێمی کوردستان.
K24 – ههولێر:
ئەندریە پۆلیاکۆڤ، گەورە شارەزای جیۆلۆجی لە کۆمپانیای روسنەفتی رووسی رایگەیاند، لە ساڵی 2020 دەستیانکردووە بە پڕۆسەی گەڕان بە داوی نەوت لە کێڵگەی بجیل و کێڵگەی شێخ عادی لە هەرێمی کوردستان.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی پیترسبۆرگی ئابووری، پۆلیاکۆڤ بۆ ئاژانسی سپوتنیکی رووسی رایگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان لە کارەکانیان بەردەوامن و لە ساڵی 2020ـەوە دەستیان بە هەڵکەندنی بیری بەدواداگەڕان لە کێڵگەی بجیل لە بلۆکی 11 کردووە، هەروەها دەست دەکەن بە هەڵکەندنی بیری گەڕان لە کێڵگەی شێخ عادی لە بلۆکی 9.
هاوکات ئەو بەرپرسە لە کۆمپانیای روسنەفت ئاشکرای كرد، ئێستا جگە لە هەرێمی کوردستان، لە چەندین وڵاتی دیکەی وەک میسر مۆزەمبیق و چەندین شوێنی دیکە کار دەکەن.
لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی 2017، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای روسنەفت چەند رێککەوتنێکیان ئەنجامدا. کە بریتی بوون لە کڕین و فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای روسنەفتەوە بۆ ساڵانی 2017 تاوەکو 2019 بە گرێبەستی پێشوەختە.