وەزارەتی پێشمەرگە: لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش چەندین بنکەی داعش خاپوورکران
سێ ئۆتۆمبێل سوتێنران

K24 – هەولێر
لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پاڵپشتی هاوپەیمان، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین بنکەی داعش خاپوورکراون و سێ ئۆتۆمبێل سوتێنراون.
سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "رۆژی 2021/6/6، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزێکی سوپای عێراقی، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجامدرا، لە گوندەکانی پەلکانە و قۆریچایی لە سنووری نێوان قەزای کفری و خورماتوو. لەو ئۆپەراسیۆنەدا سێ ئۆتۆمبێل سووتێنران و چەندین بنکەی تیرۆریستان خاپوور کران".
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە "ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە دوورخستنەوەو لەناوبردنی تیرۆریستانە لەو ناوچانە".