رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ده‌یكات مایه‌ی قبوڵكردن نییه
هه‌ستمان به‌وه كردووه، كه سیسته‌می هاتووچۆ پێویسته پێداچوونه‌وه‌ی پێدابكرێت، رێكاره‌كانی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی شوفێریش له پارێزگایه‌ك بۆ پارێزگایه‌كی دیكه جیاوازی هه‌یه
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، ئیدانه‌ی ئه‌و ره‌فتاره‌ی په‌كه‌كه ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده په‌كه‌كه مۆڵه‌تی كاركردنی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه، له ناوچه سنوورییه‌كان و له قووڵایی خاكی كوردستان پێشێلكاری ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به پێشمه‌رگه كردوویانه، مایه‌ی قه‌بووڵكردن نییه.
له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، وه‌زیری ناوخۆ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووینه‌ته‌وه و گفتوگۆمان له باره‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی كردووه، كه په‌یڕه‌وه‌كه‌ی ده‌رچووه و له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه، رێنمایی پێویست له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رچووه بۆ رێكخستنی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی و ده‌ستبه‌كاربوونی ستافی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
گوتیشی: "بۆ لیژنه‌كه‌مان روونكرده‌وه، كه بۆ هه‌مواری یاسای ژماره 16ی ساڵی 1993 كه تایبه‌ته به هه‌ڵگرتنی چه‌ك، لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه، تا له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستا بگونجێت، هه‌روه‌ها بۆ هه‌مواری یاسای ژماره‌ی 18ی ساڵی 2011ی تایبه‌ت به خانه‌نشینی، پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده كردووه، كه تایبه‌ته به هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، گفتوگۆی زۆری له‌سه‌ر كراوه، پڕۆژه‌كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان تاووتوێ ده‌كرێت".
وه‌زیری ناوخۆ روونیكرده‌وه، ئێمه هه‌ر زوو هه‌ستمان به‌وه كردووه، كه سیسته‌می هاتووچۆ پێویسته پێداچوونه‌وه‌ی پێدابكرێت، رێكاره‌كانی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی شوفێریش له پارێزگایه‌ك بۆ پارێزگایه‌كی دیكه جیاوازی هه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش به‌شێك بووه له گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ناوخۆ.
سه‌باره‌ت به یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پارتی یه‌كه‌ی 80ی خستووه‌ته ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئومێد ده‌كه‌ین، برایانمان له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش ئه‌و بڕیاره بده‌ن و یه‌كه‌ی 70ش بێته ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئه‌مه پڕۆسه‌یه‌كی ئاسانتره له یه‌كه‌ی پاسه‌وانی.
له‌باره‌ی هێرشی په‌كه‌كه بۆ سه‌ر پێشمه‌گه، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئیدانه‌ی ئه‌و ره‌فتاره‌ی په‌كه‌كه ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده په‌كه‌كه مۆڵه‌تی كاركردنی له هه‌رێمی كوردستان نییه، له ناوچه سنوورییه‌كان و له قووڵایی خاكی كوردستان پێشێلكاری ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به پێشمه‌رگه كردوویانه، مایه‌ی قه‌بووڵكردن نییه، پێشمه‌رگه مافی خۆیه‌تی له هه‌موو شوێنێكی هه‌رێمی كوردستان جوڵه بكات.