80 ئەندامی داعش لە بابل دەستگیر دەكرێن

"بە نیازبوون تەقینەوە لە چەند شارێكی عێراق ئەنجامبدەن"

K24 - ھەولێر

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای بابل رایگەیاند 80 ئەندامی داعشیان دەستگیركردووە كە بە نیازبوون تەقینەوە لە شارەكانی باشووری عێراق ئەنجام بدەن.

فەلاح خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای بابل رایگەیاند: "دوای دەستکەوتنی زانیاری هەواڵگری لە هەڵمەتێکدا ، توانرا 80 ئەندامی رێکخراوی داعش لە پارێزگای بابل دەستگیربکرێن".

بە گوتەی خەفاجی، دەستگیرکراوەکان ژمارەیەك خۆکوژ و بەرپرسی دەستەی سەربازی ویلایەتی باشووری داعش بوون، کە بەنیازبوون، چەندین کردەوەی خۆکوژی و تەقینەوە لە شارەکانی باشووری عێراق ئەنجام بدەن".

ئەمە لە كاتێكدایە لە دوو ھەفتەی رابردوودا داعش زنجیرەیەك تەقینەوەی لە شاری بەغدا ئەنجامدا، بەو ھۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیان گیانیان لە دەستدا، ھەندێك لە چاودێرانی سیاسیش ھۆكاری تەقینەوەكانی بەغدایان بۆ ململانێی سیاسی و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی دەگێڕنەوە.