میلیشیاكان رێككه‌وتنی شنگالیان په‌كخستووه و به‌غدا بێده‌نگه
تا ئێستا لایه‌نی عێراقی نه‌یتوانیوه ده‌سته‌به‌ری چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه بكات بۆ ئه‌وه‌ی شنگالییه ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان
K24 – هه‌ولێر:
ماوه‌ی هه‌شت مانگه شنگالییه‌كان چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و چوونه ده‌ره‌وه‌ی گرووپه چه‌كدارییه‌كان و میلیشیاكانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نی عێراقی نه‌یتوانیوه ده‌سته‌به‌ری چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه بكات بۆ ئه‌وه‌ی شنگالییه ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌رپرسانی سیاسی ناوچه‌كه رایان وایه، هۆكاری سه‌ره‌كی جێبه‌جێ نه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كه، خه‌مساردی به‌غدایه.
شنگال، شارۆچكه‌یه‌كی كوردستانییه و 80 كیلۆمه‌تر له ناوه‌ندی پارێزگای نه‌ینه‌واوه دووره و ده‌كه‌وێته باكووری مووسڵ.
گرنگی ستراتیژی ناوچه‌كه له‌وه‌دایه هه‌ریه‌ك له عێراق و توركیا له باكوور و سووریا له خۆرئاواوه به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
ماوه‌ی حه‌وت ساڵه سه‌قامگیری له شنگال نه‌ماوه و هێشتا خه‌ڵكی ناوچه‌كه، كه زۆرینه‌ی ره‌هایان ئێزدین به هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایشن.
به‌ر لههێرشى چه‌كدارانى داعش بۆ شه‌نگال (3ی ئاب/ ئۆگستی 2014)، پێشمه‌رگه و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تێیدا باڵاده‌ست بوون، وێڕاى ئه‌وه‌ش له رووی ئیداریه‌وه شنگال سه‌ر به به‌غدا بوو. له‌ساڵى 2014 شه‌نگال كه‌وته به‌ر هێرشى چه‌كدارانى داعش و داگیریان كرد، بووه هۆی ئاواره بوونى هه‌زاران كه‌س و هه‌زارانی دیكه‌ش به زیندوویی كه‌وتنه ژێر ده‌ستى داعش و تا ئێستاش بێ سه‌رو شوێنن، وێڕاى هه‌ڵاتن و رزگار بوونی به‌شێكى دیكه‌یان، سه‌دان ژنى ئێزیدى له لایه‌ن چه‌كدارانى داعش، ده‌ستدرێژیان كرایه سه‌ر و له بازاڕی كۆیله فرۆشیدا بازرگانیان پێوه كرا، تا ساڵى 2017، پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدى شه‌عبی، شنگالیان له‌ژێر چنگى داعش ئازاد كرد.
له كه‌مپێكی ئاواره‌كان، پێنج هه‌زار ماڵباتى ئێزیدى هه‌ن، كه‌مپه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر چیاى شنگال له رۆژئاواى موسڵ، له‌نێو ئه‌و كه‌مپه‌دا موراد كاكا ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ى له ترسی جه‌نگ و مردن هه‌ڵاتوون، دۆخێكى ناخۆش یه‌خه‌ى گرتوون، تا ئه‌و ئاسته‌ى كه دانیشتوانى هه‌موو كه‌مپه‌كان باوه‌ڕیان به‌وه نیه جارێكى تر بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانى خۆیان.
ناوبراو ده‌ڵێت: تا ئێستا 360 ئاواره‌ى ئێزیدى له كه‌مپه‌كانى "باكووری رۆژئاواى عێراق" و شار‌و شارۆچكه‌كان، ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ته‌نها چه‌ند سه‌د خێزانێك نه‌بێت توانیوویانه بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانى خۆیان، چونكه تا ئێستا خانووه‌كان هه‌مووى رووخاون، بێ كاره‌باو بێ ئاو، بنكه‌ى ته‌ندروستى تێدا نیه.
حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕى به‌سه‌ر هێرشى داعش بۆ سه‌ر شارۆچكه‌ى شه‌نگال، كه ناوچه‌یه‌كى شاخاویی سه‌خته، له كۆى ملیۆنێك پێنج سه‌د هه‌زار ئێزیدى له جیهان" 500 هه‌زار ئێزیدى له شنگال ده‌ژین، واته زۆرینه‌ی ئێزیدى له عێراق ده‌ژین، ژماره‌یه‌كى كه‌میان له ناوچه جیاوازه‌كانى سووریا و توركیا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق رایگه‌یاند: 86 كه‌مپى ئاواره له عێراق هه‌ن، كاتێك پێشتر 184كه‌مپ هه‌بوو، ئه‌و سه‌رچاوه راشیگه‌یاند، 68 هه‌زار ئاواره له‌و كه‌مپانه‌دا ده‌ژین، كاتێك ئاواره‌كانى نه‌ینه‌وا و شنگال زۆرترین پێكهاته‌ى ئاواره‌كانى عێراقن.
موراد كاكا، باس له ره‌وشى كه‌مپه‌كان ده‌كات ده‌ڵێت: هۆكار زۆرن كه خێزانه ئێزیدییه‌كان نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌نگال، له‌وانه پاشماوه‌ى جه‌نگ و كاولكارى ئه‌و شارۆچكه‌ى داپۆشیووه، وێڕاى هه‌بوونى بۆمبی چێنراو و مین، كه مه‌ترسی ته‌واوى بۆ سه‌ر ژیانى ئێزیدییه‌كان دروست كردووه و وایكردووه، نه‌توانین بگه‌ڕێنه‌وه.
كاكا ده‌شڵێت: دواى حه‌وت ساڵ كه‌س نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه شنگال، جگه له چه‌ند خێزانێك نه‌بێت كه هه‌وڵیان داوه ماڵه‌كانیان چاك بكه‌نه‌وه، دڵیان به زێدى خۆیان خۆشبكهن، دواى ئه‌م حه‌وت ساڵه حكومه‌تى عێراق هه‌وڵى نه‌داوه چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى كێشه‌ى ئاواره‌كانى شه‌نگال بكات، به‌تایبه‌ت هه‌ندێ گروپی چه‌كدار هه‌ن، پێویسته له شه‌نگال بچنه ده‌ره‌وه، تاوه‌كو خه‌ڵك به ئاسانى بگه‌ڕێته‌وه زێدى خۆی، سه‌ره‌ڕاى ئیمزاكردنى رێكه‌وتنى شه‌نگال له 9-10-2020، كه رێكه‌وتنێكه له نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا ئیمزا كراوه، تێیدا هاتووه: پێویسته فیرقه‌ى شه‌شى پۆلیسى ئیتیحادى بچێته ناو شه‌نگال و له به‌رامبه‌ردا هه‌موو هێزێكى له شه‌نگال بچنه ده‌ره‌وه.
به گوێره‌ی رێككه‌وتنه پێویسته هێزێكی خۆجێی بۆ پاراستنی ئاسایشی شنگال له 3 هه‌زار كه‌س درووست بكرێت و به ره‌هایی هێزه‌كه پێویسته له خه‌ڵكی نیشته‌جێی شنگال و ئاواره‌كان درووست ببێت. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون، قائیمقامی نوێ بۆ قه‌زاكه دابنرێت و ئیداره‌ی ناوچه‌كه رێكبخرێته‌وه و ده‌ست به پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال بكرێت.
عومه‌ر كیكانى، ئاواره‌یه‌كى ئێزیدیه و ده‌ڵێت: هێزه‌كانى په‌كه‌كه تا ئێستا له شه‌نگال هه‌ن، ئه‌وان چه‌ند یه‌كه‌یه‌كى چه‌كداریان پێكهێناوه به نێوى "یه‌كه‌كانى پاراستنى شه‌نگال"، كه ژماره‌یان 3500 چه‌كدار ده‌بێت، دواى "رێكه‌وتنى شه‌نگال"ئه‌و یه‌كانه ناوى خۆیان گۆڕیوه و چوونه‌ته ژێر باڵى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی، بۆ ئه‌وه‌ى له شه‌نگال نه‌چنه ده‌ره‌وه.
كیكانى گووتى: هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبیش له شنگال ناچنه ده‌ره‌وه، چونكه شه‌نگال هێڵى پێكبهستنى نێوده‌وڵه‌تى نێوان ئێران و سووریا و لوبنان و هه‌روه‌ها رێگه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی تارانه به ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته‌وه، حه‌شدى شه‌عبی ئاسته‌نگ دروست ده‌كات له‌به‌رده‌م رێكه‌وتنى شه‌نگال، جیا له‌وه‌ش بێده‌نگى حكوومه‌تى عێراقى له چالاكییه‌كانى گرووپه چه‌كداره‌كانى شه‌نگال، هه‌روه‌ها بێ دهسهڵاتبوونى فه‌هد حامد عومه‌ر، قایمقامى ئێستاى شه‌نگالن كه خهتابارى سه‌ره‌كى حكوومه‌تى به‌غدایه.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ى رێكه‌وتنى شه‌نگال گووتى: به پێچه‌وانه‌ى خاڵه‌كانى "رێكه‌وتنى شنگال"، گروپى دیكه‌ى چه‌كداری له شنگال زیاد بوونه، له بری ئه‌وه‌ى هه‌موویان بچنه ده‌ره‌وه.
قادر قاچاخ به‌رپرسى لقى17ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان گووتى: گۆڕینى ناوى گروپه چه‌كدارییه‌كان ته‌نها نمایشه و وێنه‌كانى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان تا ئێستا له‌سه‌ر باره‌گاكانیان ماوه.
له‌مباره‌یه‌وه محیه‌دین مزووری، به‌رپرس له پارتى دیمو‌كراتى كوردستان رایگه‌یاند، حكومه‌تى عێراق رێگه‌ى به‌هه‌ندێ گرووپی چه‌كداری داوه له شه‌نگال نه‌چنه ده‌ره‌وه، ئه‌و گرووپانه‌ش له‌لایه‌ن وڵاتانى ئیقلیمى پشتیوانی ده‌كرێن.
مزووری گووتیشى: رێكه‌وتنێك له‌نێوانى په‌كه‌كه و حكوومه‌تى فیدڕاڵ هه‌یه، تاوه‌كو له شه‌نگال بمێننه‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تى به‌غدا هه‌موو پشتیوانییه‌كى ماددى و مه‌عنه‌وى بۆ په‌كه‌كه دابینكردووه.
هه‌روه‌ها گووتى: حكوومه‌تى عێراق رێگه‌ی به په‌كه‌كه داوه تاوه‌كو لیست بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى عێراق دروست بكات، كه بڕیاره له (تشرینى یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر)ى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌پێى بڕیارى چه‌ندین وڵاتى زلهێز په‌كه‌كه له‌نێو لیستى تیرۆری جیهانیدایه ، به پێى لێدوانێكى جۆ بایدنیش كه له ساڵى 2016 ، په‌كه‌كه‌ى وه‌ك داعش وێناكرد.
به‌پێى ئه‌و رووداو و رێكه‌وتنانه‌ى كه له شنگال هه‌ن ره‌نگه له داهاتوودا ئه‌و ناوچه‌یه ببێته مه‌یدانێكى فراوانى جه‌نگی هه‌رێمایه‌تی، به‌تایبه‌ت توركیا له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كدارییه‌كانى وه‌ك په‌كه‌كه و پێكهاته چه‌كدارییه‌كانى دیكه‌ى شه‌نگال، وه‌ك "هێزه‌كانى رێكخراوى به‌درى چه‌كدار كه هادى عامری سه‌ركردایه‌تى ده‌كات، عه‌سایب ئه‌هلى حه‌ق كه قه‌یس خه‌زعه‌لى خاوه‌نیه‌تى" كه میلیشیای شیعه‌ن.
شه‌نگالییه‌كان تاكه ئومێدیان به پێشمه‌رگه هه‌یه، تاوه‌كو بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ناوچه‌یه، كه له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 دوای له‌شكركێشی سوپا و میلیشیاكانی حه‌شد له ناوچه‌كه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه.