بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی له سلێمانیم
ئه‌دهه‌م بارزانی:
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌دهه‌م بارزانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له باره‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی حزبه‌كه له سلێمانی رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بنه‌مای رێكخستنه‌وه ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه.
له باره‌ی شاری سلێمانیش گوتی: "زۆرشت من و ئه‌و شاره به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و به منداڵی سه‌ردانی سلێمانیم كردووه و ئه‌و شاره بۆ من نامۆ نییه".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی دوور و درێژی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی چین و توێژه‌كانی دانیشتووی ئه‌و شاره‌وه هه‌بووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه پێویسته رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و سنووره‌دا رێكبخرێته‌وه و هاوكات گوتی: "وه‌ك كوردێكیش هه‌وڵ ده‌ده‌م ناوماڵی كوردیش یه‌كبخه‌مه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "بێگومان گۆڕانكاری به پێی پێداویستییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه و خواست و ویستی رێكخستنه‌كان و خه‌ڵكی خۆڕاگری ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌بێت".
له باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانیش له‌ناو حزبه‌كه‌ییدا گوتی: "گۆڕانكارییه‌كان به‌رده‌وامن، چونكه ژیان به‌رده‌وام له گۆڕانكاریدایه و منداڵه‌كانم وه‌ك من بیر ناكه‌نه‌وه و ئه‌وان بۆ رۆژگارێكی دیكه ده‌ژین".
هه‌روه‌ها گوتی: "یه‌كه‌م كارم ئه‌وه‌بوو كه له‌مه‌ودوا پرسگه نامێنێت، هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر كوردێك روو له باره‌گای ئێمه و باره‌گای بارزانی ده‌كات به‌خێربێت و ماڵی مسته‌فا بارزانی پێویستی به پرسگه نییه".
گوتیشی: "پارتی ئامرازێك بووه بۆ خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه و میلله‌ت، نه‌م ئامانج، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشه‌نگ بووه و زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئێستا هه‌ن و پێگه‌یشتوون، له‌م قوتابخانه ده‌رچوون و پێیان ناوه‌ته گۆڕه‌پانه‌كه".
سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ش له‌لایه‌ن ئه‌دهه‌م بارزانی، وه‌ك كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كه گوتی: "ئه‌وه شتێكی هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر بگوترێت دروستنه‌كردنی كادیر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و به‌هه‌ڵه‌داچوونه، پارتی كادیر و پاره‌مانی وای پێگه‌یاندووه كه له زه‌ڵم ده‌بابه به‌سه‌ر لاشه‌یان دابڕوات".
پێگه‌یاندنی كادیر
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه پارتی نه‌یتوانیوه كادیرێك له سنووره‌كه پێبگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت و له‌ناوچه‌یه‌كی دیكه كه‌سێك بۆ پۆسته‌كه دیاری بكات، گوتی: "ئه‌وه سیاسه‌تی پارتی نییه بیر له ناوچه‌گه‌رێتی بكاته‌وه و بڵێت ئێره سلێمانییه ده‌بێت سلێمانییه‌ك بێت، سلێمانی ماڵ و شاری منه، بارزان به هه‌مان شێوه، دهۆكیش هه‌مان شته، با هه‌موومان خزمه‌تی نیشتمانه‌كه‌مان بكه‌ن، كه‌سانێكی خه‌ڵكی سلێمانی به‌رپرسی لقه‌كانی پارتی بوونه له دهۆك و پارتیش به ته‌واوه‌تی دژی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌یه".
له باره‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی پارتی له سلێمانی گوتی: "پارتی كه‌مینه نییه، پارتی مێژووه و له ناودڵه‌كانه و شوێن په‌نجه‌ی پارتی به شاخه‌كانه‌وه دیاره".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر باسی داتا ده‌كه‌ی، داتاكان هه‌میشه له گۆڕاندان، یاخود چه‌ند كورسی هێناوه، به‌ڵام بیری گه‌وره گرنگه نه‌ك داتا".
گوتیشی: "پارتی به كه‌مبوونه‌وه‌ی له‌و شاره زه‌ره‌ری نه‌كردووه و به مانای ئه‌وه نییه پارتی شوێنپێیه‌كی نه‌ماوه، هۆكاره‌كانیش هونه‌رین و قابلییه‌تی چاككردنییان هه‌یه".
هه‌روه‌ها گوتی: "من له كوردستان 24ه‌وه دانی پێداده‌نێم، كاتێك دانوستانت له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر راگرتبێت، كه‌مبوونه‌وه‌ش ده‌بێت و دووركه‌وتنه‌وه له‌نێوان پارتی و جه‌ماوه‌ری سلێمانی هه‌یه و ئه‌وه هه‌ڵه‌ی هه‌موومانه و هه‌مووشمان به‌رپرسین".
گوتیشی: "میلله‌ت خوێن و قوربانیداوه، ده‌بێت مافی ئه‌وه‌شی هه‌بێت بڕیار بدات، ئێمه كه بووینه سه‌ركرده به قوربانیدان و خوێنی شه‌هیدانه‌وه بووینه به‌رپرس و له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی نوێی گفتوگۆ پێویستی بۆ هه‌موو لایه‌ك هه‌یه.
له باره‌ی ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی له سلێمانی گوتی: "ئه‌ركی سه‌ره‌كی سه‌رشانی من ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌ره پشتگوێخراو و كادیره‌كانمان ئاشت بكه‌ینه‌وه و ئێستاش ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم و ناچمه ناو ته‌واوی به‌رنامه‌كه".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ر كه‌سێك به وشه‌یه‌ك، یا به فیشه‌كێك به‌رگری له پارتی كردبێت، ئه‌و دونیایه به گه‌وره‌یی خۆی ناتوانێت له پارتی جیای بكاته‌وه".
روونیشیكرده‌وه، دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی و جه‌ماوه‌ر و كادیری خۆی له‌و شاره‌دا هه‌بووه و به هه‌ڵه‌یه‌كی "مه‌ترسیدار"ی وه‌سفكرد و گوتی: "ئێمه پێشبینی ناكه‌ین هه‌موو خه‌ڵك بێته لای ئێمه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی تووڕه‌ن و پشتگوێخراون دونیایه‌ك قوربانییان داوه ناكرێ له‌وه زیاتر دوابكه‌وین و ده‌بێت ئاشتییان بكه‌ینه‌وه".
په‌یوه‌ندییه‌كانی حزب
له باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حزبه‌كه‌ی و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، له به‌رنامه‌كه‌یدا، شوێنێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه داناوه، كه وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی حزبه‌كه‌ی پیشانی جه‌ماوه‌ر بدات، نه‌ك وێنه‌ی شێوێندراوی پارتی.
هه‌روه‌ها گوتی: "كاتی ئه‌وه‌یه پێشبڕكێی سیاسی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، بۆیه پێویسته سڕینه‌وه و قه‌بووڵنه‌كردنی یه‌كتر، كه ئاستێكی یه‌كجار نزمه، واز لێبهێنرێت".
ئه‌دهه‌م بارزانی به پرسیاره‌وه گوتی: "بۆ ده‌بێت كێشه سیاسییه‌كانی نێوانمان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ین و بیبه‌ینه ده‌ره‌وه و سه‌ر شه‌قام و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ خه‌ڵك دروست بكه‌ین".
دووپاتیشكرده‌وه، پێویسته سیاسییه‌كان به‌رپرسیارێتی خۆیان نه‌خه‌نه سه‌ر خه‌ڵك و دووچاری كێشه‌یان نه‌كه‌ن و گوتی: "به‌هۆی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی له سیاسه‌ت په‌یڕه‌وكراوه وایكردووه، خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌ك، ناوچه‌یه‌كی دیكه قه‌بووڵ نه‌كات و ره‌تی بكاته‌وه".
له باره‌ی تاوانباركردنی حزبه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به ره‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، كه ئه‌و ناتوانێت بڵێت حزبه‌كه‌ی بێتاوانه و گوتی: "ئه‌گه‌ر ئێمه تاوانبارین، ئه‌وا هه‌موو حزبه‌كانی دیكه‌ش تاوانبارن، كێ له كێ باشتر بووه، كێ هاتووه پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ته‌واو و ئاشكرا و روونی هێنابێت و قه‌بووڵ نه‌كرابێت".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له رابردوودا هه‌ندێك هه‌وڵدران، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و به‌شه و نه به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا بووه.
هه‌روه‌ها گوتی: "هیوادارم كه ئێمه‌ی كورد هه‌میشه له ئاستێكی وا به‌رزدا بین، بتوانین پێكه‌وه بژین و خۆمان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆمان بكه‌ین".
له باره‌ی سیاسه‌تی چه‌قبه‌ستووی هه‌رێمی كوردستان و تۆمه‌تباركردنی حزبه‌كه‌ی له‌و ره‌وشه گوتی: "من ده‌متوانی وه‌ڵامێك بده‌مه‌وه هه‌ر كوردێك له قوژبنێك قه‌ناعه‌ت پێ بهێنم، به‌ڵام له‌به‌ر رێزگرتنی لایه‌نه‌كانی دیكه، ئه‌و وه‌ڵامه ناده‌مه‌وه و به جێی ده‌هێڵم".
گوتیشی: "تۆمه‌تباركردنی پارتی هونه‌ر نییه و هونه‌ر ئه‌وه‌یه بتوانین له‌گه‌ڵ بژین و كوردایه‌تی بكه‌ین".
له باره‌ی عه‌قڵییه‌تی سیاسی عێراق و كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گوتی: " عێراق ئێستاش هه‌مان عه‌قڵییه‌تی ساڵه‌كانی 1925ه و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه و نایانه‌وێت دان به‌وه‌دا بنێن كورد سه‌ربه‌خۆ بێت".
له باره‌ی به‌كارهێنانی پرسی ریفراندۆم بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسی و له‌بیر بردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانه و پارتی دیموكراتی كوردستان جددی نییه، گوتی: "ئه‌وه ره‌نگه قسه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی بێت و بۆ ركابه‌ری سیاسی ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: "بۆ ئه‌و پرسه پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه به‌ڵگه‌كان و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی و ئه‌و به‌یاننامانه‌ی كه به‌ر له دروستبوونی ئه‌و كێبڕكێیه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌نا‌دا هه‌بوون، هه‌ڵوێستی پارتی له‌و باره‌یه‌وه روون بووه".
گوتیشی: "هیچ كاتێك وه‌كو ئێستا كورد له جیهان نه‌ناسراوه و پێشمه‌رگه بووه‌ته هێمای شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت و سه‌ربڵندی و سه‌رفرازی ئه‌و نه‌ته‌وه و نیشتمانه، له هه‌موو میدیاكان ناوی پێشمه‌رگه ده‌هێنرێت، به فه‌ره‌نسی، به ئینگلیزی، به عه‌ره‌بی و به هه‌موو زمانه‌كانی دیكه ده‌گوترێت پێشمه‌رگه و هه‌موو جیهان دان به‌و میلله‌ته‌دا ده‌نێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "له وڵاتان كه ده‌ڵێی كوردم راسته‌وخۆ به چاوێكی دیكه سه‌یر ده‌كرێیت".
هه‌ر له باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆییش گوتی: "له دوایین كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی گوتی، ئه‌گه‌ر بڕیاره جارێكی دیكه خوێن بڕێژین ئه‌وه له پێناو سه‌ربه‌خۆییه، كه ئه‌مه‌ش خه‌ونی هه‌موو شه‌هیدانه".