خەلیلزاد: رێكنەكەوتنی لایەنە عێراقییەكان جیابوونەوە بەدوای خۆیدا دەھێنێ
"بارزانی بواری بۆ جیابوونەوەی ئاشتیانە لە عێراق هێشتووەتەوە"
K24 - ھەولێر
دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ئاشكرای دەكات رێكنەکەوتنی لایەنە عێراقیەکان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات، رەنگە جیابوونەوە بە دوای خۆیدا بهێنێت.
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە ھەڤپەیڤینێكدا دا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رایگەیاند: "گۆڕانی سنوورەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داڕشتنەوەیان، رۆژەڤی ناوچەکەیە بە تایبەت عێراق و سووریا".
ھەر لەو ھەڤپەیڤینەدا خەلیلزاد ئاماژەی بە هەوڵەکانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستانی باشوورەوە کردووە و رایگەیاندووە: "بارزانی لە پەیامەکەیدا بواری بۆ جیابوونەوەی ئاشتیانە لە عێراق هێشتووەتەوە".
ئەو دیپلۆماتکارە پێیوایە لە عێراق و سووریا، ئەگەر نەتەوە و تائیفەکان نەگەنە رێککەوتن لەسەر دەسەڵات، ئەوا رەنگە جیابوونەوە ببێتە جێگرەوەی پێکەوە ژیان.