دادگای دەستووری تورکیا بڕیاری دۆسیەی داخستنی هەدەپەی قبووڵکرد

دادگای ده‌ستووری توركیا له‌باره‌ی داواكاری دۆسیەی داخستنی هه‌ده‌په‌ دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد

دادگای دەستووری تورکیا - فۆتۆ: کوردستان24 - ئەرشیف
دادگای دەستووری تورکیا - فۆتۆ: کوردستان24 - ئەرشیف

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ دادگای ده‌ستووری توركیا له‌باره‌ی داواكاری دۆسیەی داخستنی هه‌ده‌په‌ دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و بڕیاری دۆسیەی داخستنی هەدەپەی قبووڵکرد.

نالین دری، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە رایگەیاند: "لە دادگای دەستووری تورکیا 15 ئەندام هەن، بۆ داخستنی پارتێکی سیاسی لە تورکیا لانی کەم دەبێ 10 ئەندام رازی بن و دەنگ بدەن، ئەگەر 10 ئەندامی دادگای دەستووری دەنگیان دا ئەوا هەدەپە بە فەرمی دادەخرێت".

سەبارەت بە رێکارە سەرەتاییەکانی دادگای دەستووری تورکیا دژی هەدەپە پەیامنێرمان روونیکردەوە: "لە قۆناغی یەکەمدا دادگا دەتوانێت بڕیاری بڕینی داراییەکانی هەدەپە لە گەنجینە بدات".

پێشتر داواکاری گشتی تورکیا لە دادگای دەستووری وڵاتەکە سکاڵای تۆمار کرد و  داوای هەڵوەشاندنەوەی هەدەپەی کردبوو، بەرپرسانی هەدەپەش ئەو هەوڵە بە پیلانی ئەکەپە ناودەبەن و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان.

بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگای باڵای تورکیا رایگەیاندووە: "سەرجەم بڕیار، دۆسیە و لێدوانەکانی بەرپرسانی هەدەپە-مان وەک بەڵگە خستووەتە ناو دۆسیەکەوە کە زیاتر لە 800 لاپەڕەیە. تیایدا داوا کراوە قەدەغەی کاری سیاسیی بخرێتە سەر 451 کەس و رێوشوێنی پێویستیش لە بەرامبەر هەژمارە بانکییەکانی هەدەپە بگیردرێتەبەر".

لە ماوەی رابردوودا دادگای دەستووری بەهۆی بوونی کەموکوڕی راپۆرتی دادگای باڵای لەبارەی دۆسییەکە رەتکردبووەوە و دواتر دووبارە دۆسییەی داخستنی هەدەپە رەوانەی دادگا کرایەوە و ئەمجارە دادگای دەستووری تورکیا دۆسیەکەی قبووڵکرد.

Fly Erbil Advertisment