خهليلزاد: پێويسته بهرههڵستى سياسهتى ئێران له ناوچهكهدا بكرێت
نوێنەرانی ئەمریكا پرۆژە یاسایەكی پەسەند كرد كە تێيدا كڕینی ھەرجۆرە ئاوێكی قورسی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە قەدەغە دەكات.
K24 – ههولێر:
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد جەختى لەسەر رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە كردهوه.
لە لێدوانێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت خهليلزاد، روونیکردەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، پێویستە ئەمریکا وڵاتانی کەنداو پڕچەک بکات بۆ ئەوەی هاوسەنگی هێز لە هەرێمەکەدا دروستببێت و رێ لە تەماعکارییەکانی ئێران بگیرێت.
خەلیلزاد سەبارەت بەو میلیشیایانەی لەژێر چەتری ئێران لە عێراق شەڕ دەکەن رایگەیاند، چارەنووسی ئەو میلیشیایانە شەڕی ناوخۆییە لەسەر داهاتی نەوتی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خەلیلزاد دووپاتیکردەوە، لە دانووستانەکانی نێوان بووش و ئێراندا، ئەمریکا داوای رادەستکردنەوەی چەند سەرکردەیەکی تاڵیبانی لە ئێران کردبوو، بەڵام ئێران رەتیکردەوە رادەستیان بکات.
ههر لهو چوارچێوهيهدا، بە گوێرهى ھەواڵی ئاسۆشەیتێد پرێس، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پرۆژە یاسایەكی پەسەند كرد كە تێيدا كڕینی ھەرجۆرە ئاوێكی قورسی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە قەدەغە دەكات.
ئەمریكا مانگی رابردوو پلانی رێككەوتنی كڕینی 32 تەن ئاوی قورسی لە ئێران بە بڕی زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلار ئامادەكردبوو.
پەسەند كردنی ئەو پرۆژە یاسایە كاریگەری لەسەر رێككەوتنەكانی پێشوو لەوبارەوە نابێت، بەڵام بەرنامەكانی كڕینی ئاوی قورسی ئێران بۆ ساڵەكانی داھاتوو ھەڵدەوەشێنێتەوە.
ئاوی قورس، پێكھاتەیەكی ھایدرۆجێنیە كە یەكێك لە بەشە سەرەكییەكانی دروستكردنی راكتۆری ئەتۆمییە و لە بوارەكانی توێژینەوەی زانستی و دەرمانی و پیشەسازیشدا بەكاردێت.
له لايهكى ديكهوه، ستێفان مول رێكخەری ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەر ئێران دەیەوێت، دەستی بە سەرچاوە ئابوورییەكانی لە دوای ھەڵگرتنی گەمارۆكان بگات دەبێ تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی رابگرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا وتیشی: ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەرفەتە ئابوورییەكانی بەردەمی كەڵك وەربگرێت دەبێ سەرەتا كێشە ناوخۆییەكانی كە كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی لە ناوچەكە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ھەیە چارەسەر بكات.
ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێران كە ھەڵگری كڵاوەی ئەتۆمین بە پێشێلكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و بڕیارهكانى ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەزانن و ئێرانیش دەڵێت تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی تەنیا بۆ بەھێزكردنی توانای بەرگری وڵاتەكەیە.