ئەمەریکا ژمارەیەک بنکە و ناوەندی حەشدی شەعبی بۆردومان دەکات

‌حەشدی شەعبی: پێنج چەکدارمان کوژراون

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

بە فەرمانی راستەوخۆی بایدن، ئەمەریکا ژمارەیەک ناوەندی سەر بە میلیشیاکانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆردومان دەکات و پێنج چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن بڵاوی کردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەک بنکە و ناوەندی سەربە چەکدارە ئێرانییەکان لە عێراق و سووریا بۆردومان کراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆردومانەکانی سووریا دوو کۆگای چەکیان پێکاوە و پێگەی سێیەمیش لەسەر سنووری عێراق و سووریا بۆردومان کراوە کە ئەو کۆگایانە سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا و کەتائیبی سەید شوهەدا بەکارهێندراون.

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش رایگەیاند، بە فەرمانی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە هێرشەکان بۆ سەر ئەو ناوەندانە ئەنجامدراون کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچە سنوورییەکان بەکاریانهێناو.

راشیگەیاندووە، هێرشەکان وەک تۆڵەکردنەوەیەکە لەو میلیشیایانە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەنە ئامانج.

لای خۆیەوە حەشدی شەعبی ئاشکرای کردووە، لە ئەنجامی بۆردومانی ئەمەریکا پێنج چەکداریان  لەسەر سنووری عێراق و سووریا کوژراون، بەڵێنیش دەدات وەڵامی ئەو هێرشەی ئەمەریکا بداتەوە.