بەر لە کۆبوونەوەی ئۆپێک نرخی نەوت کەمێک دابەزی
پێشبینی دەکرێت تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران بێت
K24 - هەولێر
نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی هەفتەیدا کەمێک دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی بەرزتری ئاستی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018ـەی تۆمارکرد.
هۆکاری دابەزینی نەوت چاوەڕوانی وەبەرهێنەرانە لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لەم هەفتەیەدا، کە پێشبینی دەکرێت تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، دانوستاندنەکانی نێوان واشنتن و تاران بێت لە بارەی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان لە سەر هەناردەی نەوتی ئێران
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئاب بۆ 75.25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ هەمان مانگ بۆ 71.03 دۆلار دابەزی.
لەگەڵ گەشبینییەکان بە زیادبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی و گەشەی ئابووری وڵاتە زلهێزەکان، نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا، بۆ پێنجەمین هەفتە لەسەر یەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.