يوكسه‌كداغ: ئه‌وان ده‌ڕۆن و ئێمه‌ ده‌مێنينه‌وه‌

چەندین کارەسات بەسەر ئەم ناوچەیەدا هات و رۆیشت، چەندین پاشا و زاڵم هاتوچوون، چەندین لافاو لەم خاکە هات و رۆیشت، قوڕاوەکەی مایەوە

K24 – هه‌ولێر:

هاوسەرۆکی پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى كورديى (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ رايگه‌ياند، ئەوانەی چاویان بە پێشکەوتنی ئێمە و ئیرادەی دیموکراتی گەلەکەمان هەڵنایەت، داوای لێپێچینەوە و وەرگرتنەوەی پارێزبەندییمان دەکەن.

یوکسەکداغ لەكاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە لە شەقامی وانی کۆن لە شاری ئاگری بەڕێوەچوو باسی لە دوایین پێشهاتەکانی تورکیا کرد و ئاماژەی بەو هەوڵانەدا  كە بۆ کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی یاسایی پەرلەمانتارانی هەدەپە دەدرێت.

جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەوان ناترسن و گوتی: "ئێمە وەک هەر کاتێکی تر لێرە دەبین، چەندین کارەسات بەسەر ئەم ناوچەیەدا هات و رۆیشت، چەندین پاشا و زاڵم هاتوچوون، چەندین لافاو لەم خاکە هات و رۆیشت، قوڕاوەکەی مایەوە، ئێمە قوڕاوی ئەم ناوچەیەین، دەسەڵاتی سیاسی ئێستاش وەک لافاو دێت و دەڕوات".