چەکدارانی داعش شەش هاووڵاتییان لە سنووری خانەقین رفاند

کەسێکیان بریندار کردووە و دوو ئۆتۆمبێلیشیان سوتاندووە
خانەقین - ئەرشیف
خانەقین - ئەرشیف

K24 – گەرمیان

چەکدارانی داعش شەش ھاووڵاتییان لە سنووری خانەقین رفاند و کەسێکیشیان بریندار کرد.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو گرووپێکی چەکدارانی داعش لە گوندی قەڵای سەر بە شارەدێی گوڵاڵە دوو ھاووڵاتییان رفاندووە، کە دانیشتووی گوندەکەن و جوتیارن. ھاوکات چەکدارانی داعش چوار ھاووڵاتی گوندی سیف سەعد-ی سەر بەشارەدێی قەرەتەپەیان رفاندووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، چەکدارانی داعش لە گوندی سیف سەعد ھاووڵاتیەکیان بریندار کردووە و دوو ئۆتۆمبێلی رفێنراوەکانیشیان سوتاندووە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکراشی کرد، ئەمڕۆ پێنج تەرم دۆزراونەتەوە، کە تەرمی رفێنراوەکان بوون. دووانیان کورد بوون و سێی دیکەش عەرەب بوون. دوو کەسیشیان برینداربوون.