کونسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە
"ئێمە لە پشت هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر نین"
K24 - سلێمانی
کونسوڵی ئێران لە سلێمانی رەتیکردەوە، کە وڵاتەکەی لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەولێر دەستی هەبێت و رایگەیاند، ئێران ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاسایشی خۆی دەزانێت، "بە تێکچوونی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاسایشی ئێرانیش تێکدەچێت".
مەهدی شووشتەری، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "سەبارەت بە باسی مووشەک و مووشەک هاویشتن بەرەو هەولێر، ئەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵمان و دەڵێن، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشت ئاراستەکردنی ئەم مووشەکانەوەیە بە توندی رەتیدەکەینەوە، ئاسایشی عێراق و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە ئاسایشی ئێمە، ئاسایشی ئێمە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، هەر جۆرە نا سەقامگیرییەک لە عێراق دەبێتە هۆی نا سەقامگیری لە ئێران و بەپێچەوانەشەوە هەر نا سەقامگیری لە ئێران دەبێتە هۆی نا ئارامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هیوادارین بە حیکمەت و بڕیاری بەرپرسانی هەردوولا، بینەری ناسەقامگیری بە تایبەت لە سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نەبین. ".
گوتیشی: "بە داخەوە هەندێک کردەوەی تیرۆریستی لە سنوورەکانی خۆمان و هەرێمی کوردستان دەبینین، کە لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەنجام دەدرێن، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و هیوادارین بە بڕیاری بەرپرسانی هەرێم، هیچ نائەمنییەک لە سنوورەکانی دوو وڵات و لە خاکی دوو وڵاتدا نەبینین. بە دڵنیاییەوە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە".