نێچیرڤان بارزانی: زۆر به توندی سه‌رکۆنه‌ی هێرشه تیرۆرستییه‌کەی بەغدا دەکەم
نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ پێشکه‌شکردنی هه‌موو یارمه‌تی و هاوکارییه‌کی پێویستی پزیشکی و پێشوازی له برینداران ئاماده و کراوه‌ن
K24 – هەولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا زۆر به توندی سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هێرشه تیرۆرستییەی بەغدا دەکات کە لە رێگەی بۆمبێکی چێنراو بازاڕێکی شاری سه‌دری له به‌غدا کرده ئامانج و له ئه‌نجامدا ده‌یان هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی که‌سوکاری قوربانییان ده‌کات و دەڵێت: پرسه و سه‌ره‌خۆشیی قووڵم ئاراسته‌ی که‌سوکاری قوربانییان ده‌که‌م و هاوبه‌شی خه‌میانم، هیوای زووچاکبوونه‌وه بۆ برینداران ده‌خوازم. خوای مه‌زن گیانی شه‌هیدان به هه‌شت شاد بکات و سه‌بووریی خانه‌واده و که‌سوکاریان بداته‌وه.
ئماژە بەوەش کراوە کە نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ پێشکه‌شکردنی هه‌موو یارمه‌تی و هاوکارییه‌کی پێویستی پزیشکی و پێشوازی له برینداران ئاماده و کراوه‌ن.
ئێوارەی رۆژی 19ی تەممووز/ یۆلیۆی 2021، کە دەکاتە رۆژی عەرەفەی جەژنی قوربان، تەقینەوەیەک لە بازاڕی وه‌حیلاتی ناوچەی سەدری بەغدا روویدا، به گوێره‌ی سەرچاوە بەرپرسەکان، لە تەقینەوەکەدا 36 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه كه دووانیان منداڵن، دەیان كه‌سی دیکەش بریندار بوون.