بەڕێوەبەری گشتی باج: بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکان خۆیان لە باج دەدزنەوە

لەدوای ئەو چاکسازیانەی کە کراوە لە کۆمپانیای دەروازە سنورییەکاندا 15 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەت

کەمال وەرتی/ بەڕێوه‌بەری گشتی باج و خانووبەرەی میری
کەمال وەرتی/ بەڕێوه‌بەری گشتی باج و خانووبەرەی میری

K24  - هه‌ولێر:

چاکسازی لە کۆمپانیاکان بەردەوامە و بەشێکیان ڕێکخراونەتەوە و بەشێکیش سزادراون، بەتایبەت کۆمپانیاکانی دەروازە سنوورییەکان،  ڕێکخراونەتەوە، بەم ھۆیەشەوە، جموجوڵی بازرگانی زیادی کردووە.

بەڕێوەبەری گشتی باج، رایگەیاند، بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکان، خۆیان لە باج دەدزنەوە، یان داھاتیان ئاشکرا ناکەن، بەو ھۆیەوە بە سەدانیان، سزادراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانیان دەكرێت.

چاکسازی، لە کۆمپانیاکانی دەروازە سنورییەکانیش، بووەتە ھۆی باشتربوونی جموجوڵی بازرگانی و کەمبونەوەی ڕۆتین، لەدوای ئەو چاکسازیانەی کە کراوە، لە کۆمپانیای دەروازە سنورییەکاندا 15 ملیۆن دۆلار، گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەت.

بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، ئاشکرایکرد، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکان بەپێی یاسای چاکسازی رێكخراونەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە ئەوەشی پابەند نابێت بە توندترین شێوە سزادەدرێت

کەمال وەرتی، بەڕێوه‌بەری گشتی باج و خانووبەرەی میری، ئاماژەیپێکرد، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و کار ئاسانی زیاتر، پەنا دەبەنە بەر بە خۆماڵی کردنی دەروازەکان و بەڕێوە بردنیان لە لایەن خۆیانەوە، بۆ ئەوەی ھەم خەرجی کەم بکرێتەوە لەبەرانبەریشدا نرخی کاڵا و کەلوپەل جێگیر بکرێت .

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی، جەختیکردەوە، کۆمپانیاکانی خاڵە سنورییەکان، وەک پێویست کارەکانیان جێبەجێ نەکردووە لە ڕابردوودا و بونەتە گرفتی كراوە.

نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوه‌بەری گشتی بازرگانی، روونیکردەوە، لەماوەی جێ بەجێ کردنی  یاسای چاکسازی، نزیکەی ھەزار کۆمپانیای جۆراو جۆری گەورە، سزا دراون و 150 کۆمپانیاش  دراون بەدادگا و لێكۆڵینەوە لە کەیسەکانیان دەكرێت، كە خۆیان لە پێدانی باج دیزیوەتەوە و یان داھاتی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرانەکردووە.

ک.ب