سلێمانی.. دایکێکی دووگیانی تووشبووی کۆرۆنا رزگار کرا
دوای منداڵبوونه‌كه، دایكه‌كه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی كۆرۆنا گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه

K24 - سلێمانی:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگه‌یاند، دوای مانەوەی حەوت رۆژ لە نەخۆشخانە، ژنێكی دووگیان له كه تووشبووی كۆرۆنا بووه، نه‌شته‌رگه‌ری منداڵبوونی بۆ كراوه و منداڵه‌كه ته‌ندروستی باشه ته‌ندروستی دیكهكهش جێگیره.
ته‌ندروستی سلێمانی ئاشكرای كرد، هاووڵاتی (ش. ح .ڕ)ی تەمەن 36 ساڵ، کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، لە هەمان کاتدا دووگیانیش بوو، توانرا لەلایەن تیمەکانی تەندروستی هەریەك لە نەخۆشخانەی "شەهید د.هێمن" و نەخۆشخانەی "فێرکاری منداڵبوون" منداڵەکەی لە دایكببێت.
کاتژمێر (1)ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه (31ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2021)، دوای ئەوەی باری تەندروستی نەخۆشەکە تێکدەچێت، لە رێگەی سیپاپەوە، واتە ئامێری تایبەت و هەناسەی دەستکردەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵبوون، لەلایەن (د. گوڵان علی تۆفیق)ـەوە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و بەسەرکەوتوویی منداڵەکە لەدایکدەبێت.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، منداڵەکە کوڕە و ئێستا لە بەشی خدجی نەخۆشخانەی منداڵبوونە و باری تەندروستیشی جێگیرە، هاوکات دایکی منداڵەکەش دوای لەدایکبوونی کۆرپەکەی، دەستبەجێ گەڕێندراوەتەوە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی "شەهید د.هێمن" لە سلێمانی و لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە، بەپێی گوتەی پزیشکەکانی هەردوو نەخۆشخانەکە، تەندروستی دایکەکە لە ئێستادا باشترە وەک پێش لەدایکبوونی منداڵەکەی.
د.ی