دوای ساڵێك له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووت برینداره‌كان نیگه‌رانن
K24 - هه‌ولێر:
له (4ی ئاب/ ئۆگه‌ستیسی 2020) له به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان رۆژێكی ئاسایی نه‌بوو، كاتژمێر 6:07ی ئێواره ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌یروتی هه‌ژاند و هه‌مووانی تاساند، تۆز و خۆڵ، دووكه‌ڵ شاره‌كه‌ی ته‌نییه‌وه، هاوار و گریان له هه‌موو شوێنێكی ئه‌و شاره ده‌بیسترا، له‌هه‌موو شه‌قامێك خوێن ده‌بینرا.
2 هه‌زار و 750 تۆن له مادده‌ی "نیتراتی ئه‌مۆنیۆم" كه بۆ ته‌قینه‌وه كوشنده‌یه، له كۆگای ژماره 12 له مه‌رفای به‌یروت هه‌ڵگیرابوون، كۆگاكه ئاگری گرت و ته‌واوی مادده‌كه ته‌قه‌ییه‌وه و كاره‌سات درووست بوو.
له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه، شه‌پۆڵێك شاره‌كه‌ی هه‌ژانده‌وه، زیانێكی زۆری به پایته‌خت گه‌یاند و شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی زۆربه‌ی ماڵ و باڵه‌خانه‌كانی شكاند.
ته‌قینه‌وه‌كه بووه هۆی مردنی زیاتر له 200 كه‌س و برینداربوونی 6 هه‌زار و 500 كه‌سی دیكه، 50 هه‌زار خانووش زیانیان به‌ركه‌وت، 300 هه‌زار كه‌س بێ شوێنی حه‌وانه‌وه مانه‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه، كه زیانه مادییه‌كان به 10 تا 15 ملیار دۆلار خه‌مڵێندراوه.
به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی پسپۆڕانی نێوده‌وڵه‌تی، ته‌قینه‌وه‌كه له ریزبه‌ندی چواره‌می ته‌قینه‌وه نائه‌تۆمییه‌كانه، كه له مێژوودا تۆماركرابێت، روانگه‌ی بومه‌له‌رزه‌زانی ئوردن، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی مه‌رفای هاوشێوه‌ی بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك بووی به پێوه‌ری 4.5 پله‌ی رێخته‌ر.
چیرۆكی برینداره‌كان
ژماره‌یه‌كی زۆر له بیرنداره‌كانی ته‌قینه‌وه‌ی مه‌رفا تووشی حاڵه‌تی ده‌روونی بوون، "سیهام" ژنێكی ته‌مه‌ن 60 ساڵییه، له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی له ماڵه‌وه بوون له شه‌قامی "مار میخایل" له به‌یروت، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له‌سه‌ره‌تادا نه‌یزانیوه چی روویداوه، كاتێك په‌نجه‌ره و ده‌رگا و هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی ماڵه‌كه‌ی تێكچوون، شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كه به ئاراسته‌ی پشتی و قاچه‌كانیدا ورد بوون، هه‌ستی به‌وه نه‌كردووه، كه برینداره.
دوای ته‌قینه‌وه‌كه له ماڵه‌كه‌ی هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر شه‌قام به بینینی خوێن و هاوار و گریان له هه‌موو لایه‌كه‌وه تاساوه، سیهام گوتی: "له‌ناوكاو پیاوێك هاته‌به‌رده‌مم، داوای لێكردم بچمه ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و بۆ نه‌خۆشخانه بمگوازێته‌وه".
گوتیشی: "سه‌ردانی 3 نه‌خۆشخانه‌مان كرد، سه‌رجه‌میان وێران ببوون، برینداره‌كانیش شه‌پۆڵ شه‌پۆڵ ده‌هاتن، هیچ شوێنێكم نه‌دۆزییه‌وه برینه‌كه‌می تێدا سارێژ بكه‌م، تا له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی نزیك به‌یروت چاره‌سه‌ر كرام".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاتێك ژماره‌یه‌كی زۆری قوربانییه‌كانی له نه‌خۆشخانه‌كاندا بینیوه، پرسیاری به‌هێزی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كردووه.
سه‌حه‌ر كامیل، په‌رستاری یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانه و گوتی: "رۆژێكی ئاسایی بوو، به‌ڵام له‌ناوكاو گوێبیستی ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك بووین، دواتر بینیمان ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی زۆر به‌هێز هه‌موو لایه‌كی هه‌ژانده‌وه، ده‌ستم له‌سه‌ر سه‌رم دانا، به‌شێكی سه‌قفه‌كه به‌سه‌ر سه‌رم كه‌وته خواره‌وه، شووشه‌ی شكاو له هه‌موو لایه‌ك بڵاوبووه‌وه، پێشبینیم نه‌ده‌كرد هیچ كه‌س له هاوكاره‌مانم زیندوو مابنه‌وه".
سه‌حه‌ر پاشماوه‌كانی له‌سه‌ر سه‌ری لادا و بیری چووبووه‌وه كه برینداره، به‌په‌له به‌ره‌و لای نه‌خۆشه‌كانی رۆیشت له نهۆمی 20 كه كاری تێدا ده‌كرد، گوتیشی: "خوێن له هه‌موو لایه‌ك هه‌بوو".
سه‌حه‌ر برینداربوونی هاوكاره‌كانی بیرده‌چێت و به‌هانای نه‌خۆشه‌كانه‌وه ده‌چێت، به گوڕ و تینه‌وه‌ی تیماری نه‌خۆشه‌كانی كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌ره‌تا هه‌وڵی ئه‌وه‌م دا برینداره‌كان بۆ ژووری فریاكه‌وتن ببه‌م، دواتر به‌بیرم هاته‌وه، كه هه‌موو شوێنێك وێران بووه، كاره‌با پچڕاوه و قوربانییه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی كه‌وتوون، برینداره‌كان له ناو نه‌خۆشخانه و ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ش بۆ به‌شی فریاكه‌وتن ده‌هاتن، كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كه توانای دابینكردنی ئۆكسجینان بۆ برینداره‌كان نه‌بوو.
تاسانی ده‌روونی
بۆ زۆربه‌ی دانیشتوانی به‌یروت كات له كاتژمێر 6:07ی ئێواره وه‌ستاوه، تێكچوونی باری ده‌روونی و مه‌عنه‌وی، كه ته‌قینه‌وه‌كه درووستی كردووه، به ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێت.
یه‌كێك له قوربانییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، برینه‌كه‌ی دوای دوو هه‌فته ساڕێژبوو، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ی شه‌وان له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێته‌وه، گوێی له ده‌نگی ته‌قینه‌وه و هاوار و گریان ده‌بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، برینه‌كانی جه‌سته‌م زوو ساڕێژبوون، به‌ڵام كاریگه‌رییه ده‌روونییه‌كان تا ئێستا به‌رده‌وامن.
د.ی