لە بارەی بڵاوبوونەوەی دۆلاری لیبی لە عێراق روونکردنەوە دەدرێت

هاووڵاتییانی عێراق لەبارەی ئەو جۆرە دۆلارە ئاگادار دەکرێنەوە

دۆلار
دۆلار

K24 - هەولێر

باڵیۆزی لیبیا لە عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی دۆلاری لیبی لە بازاڕەکانی عێراق روونکردنەوە دەدات و دەڵێ "ئەو دۆلارە ساختەیە و ئەو قسەیە راست نییە کە دەگوترێ دۆلاری بلکۆک کراوی سەردەمی قەزافی یە".

سەید عەلی سەید، باڵیۆزی لیبیا لە عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد "ئەو دۆلارەی لە بازاڕەکانی عێراق بە ناوی دۆلاری لیبیەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت هیچ پەیوەندییەکی بە وڵاتەکەیەوە، نییە دۆلاری بلۆککراو نییە، بەڵکو ساختەیە و لە بازاڕەکان دەفرۆشرێتەوە".

باڵیۆزی لیبیا دەشڵێت "یەدەگی لیبیا لە دۆلار و دراوی بیانی لە شوێنێکی پارێزراو دایە و دوورە لەوەی بە تاڵان بردرابێت، لە سەرەتای راگەیەندنی سەربەخۆییەوە بانکی ناوەندی لیبیا رایگەیاندووە، پارێزگاری لە دراوی بیانی کردووە و بەدوور بووە لە بە تاڵان بردن و دزیکردن.

باڵیۆزی لیبیا لە عێراو ئاماژە بەوەدەدات "ئەو دەنگۆیانەی لە بازاڕەکان لە بارەی دۆلاری بلۆککراوی لیبیەوە بڵاوکراوەتەوە، جگە لە درۆ و فێڵ زیاتر نییە، گرووپە قاچاغ چییەکان هەڵیانبەستووە و کەسانی سادە دووچاری ئەو فرت و فێڵە دەبنەوە"، بۆیە داوا دەکات خۆیان بە دوور بگرن لە رێکلامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پشت بە داتاکانی بانکی ناوەندی ببەستن کە جەختی لەوە کردووەتەوە مامەڵەکردن بە دۆلاری لیبی هیچ بنەمایەکی نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلام بە دۆلاری لیبی دەکرێت، بە نیوەی بەهای راستەقینەی دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەو لایەنانەی ریکلامی بۆ دەکەن دەڵێن "ئەو دۆلارە بۆ سەردەمی معەمەر قەزافی سەرۆکی پێشووتری لیبیا دەگەڕێتەوە، کە بلۆککراون و دراوی ساختە نییە".

 

لەم ماوەیەدا بەتۆمەتی فێڵکردن لە هاووڵاتییان و فرۆشتنی دۆلاری لیبی، پۆلیسی هەولێر لە چەندین کاتی جیاوازدا چەندین تۆمەتباری دەستگیر کردووە.

Fly Erbil Advertisment