ئه‌دڤۆكات بۆ كامپه‌كه‌ی ئیسپانیا بانگهێشتی شێركۆ كه‌ریمی كرد
دیك ئه‌دڤۆكات راهێنه‌ری هۆڵه‌ندی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق لیستی یاریزانانی عێراقی بۆ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیال راگه‌یاند و بانگهێشتی شێركۆ كه‌ریمی ئه‌ستێره‌ی كوردی یانه‌ی هه‌ولێریشی كردووه.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی خۆی لیستی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی به راهێنه‌ری ئه‌دڤۆكات بڵاوكرده‌وه كه تێیدا بانگهێشتی 24 یاریزانی كردووه بۆ كه‌مپی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له ئیسپانیا و هیچ یاریزانێكی پیشه‌گه‌ریش بانگهێشت نه‌كراوه.
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له دوایین قۆناغی پاڵاوتنه‌كانی ئاسیسا بۆ گه‌یشتن به مۆندیالی 2022 هاوشانی ئێران، ئیمارات، لوبنان، سووریا و كۆریای باشوور یاری ده‌كات، یه‌كه‌مین یاریی عێراق له قۆناغی پاڵاوتنه‌كان له رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو له شاری سیول به‌رامبه‌ر كۆریای باشوور یاری ده‌كات.