فوئاد حوسێن: رێگەنادەین عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ

"پشتیوانی لە دانوستان و هەوڵە دیپلۆماتییەکان دەکەین"

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیدەکاتەوە رێگەنادەن وڵاتەکەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ.

لە میانی پێشوازیکردنی لە نێردەی دیپلۆماتی وڵاتانی عەرەبی، لە پاکستان، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، رێگەنادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و جەختی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەری عێراق کردەوە.

فوئاد حوسین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، عێراق هەموو هەوڵێک دەدات، بۆ لەیەک نزیکردنەوەی سەرجەم لایەنەکان و پشتیوانی لە دانوستان و هەوڵە دیپلۆماتییەکان دەکات.

ئەم گوتانەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە لە گفتوگۆی ستراتیژی واشنتن – بەغدا، ئەمەریکا رایگەیاندووە کە هێزە شەڕکەرەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە و لە 8/8/2021 کشانەوەی یەکەم کاروانی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان لە عێراقەوە بەرەو کوێت راگەیەندرا. لەوبارەوە وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند "دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان، ھێزی (ئۆ تی ئێچ)ی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کشاوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ بنکەی بورینگ لە کوێت".