رۆژنامه‌یه‌كی رووسی: ئه‌ردۆغان ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان ببینێت
ئه‌نقه‌ره هه‌وڵ ده‌دات چه‌كدارانی تاڵیبان رازی بكات بۆ مانه‌وه‌ی یه‌كه سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ پاراستنی ئاسایشی فڕۆكه خانه‌ی كابولی نێو ده‌وڵه‌ت

K24 – هه‌ولێر:
ئیگۆر سۆبۆتین، له رۆژنامه‌ی نیزافیسیما گه‌زه‌ته‌ی، رووسی، رایگه‌یاند، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه، كه سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، ببینێت، بۆ گفتوگۆكردن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه له نێوانیاندا هه‌یه، به‌تایبه‌ت پرسی مانه‌وه‌ی یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا، له ئه‌فغانستان، له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه، چه‌كدارانی تاڵیبان، رێگرن له‌به‌رده‌م مانه‌وه‌ی سوپای توركیا، كه پێشتر له ریزی سوپای، په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ)، له ئه‌فغانستاندا كاریان ده‌كرد.
نووسه‌ر ده‌شڵێت: ئه‌نقه‌ره هه‌وڵ ده‌دات، چه‌كدارانی تاڵیبان رازی بكات، بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و یه‌كه سه‌ربازییه، بۆ پاراستنی ئاسایشی، فڕۆكه‌خانه‌ی كابولی، نێو ده‌وڵه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوی سوپا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌پێی رێكه‌وتنێك، له ئه‌فغانستان، كشانه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه، ئه‌یكان ئه‌رده‌میر، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆگرامی توركی، له ده‌زگای ئه‌مه‌ریكی، بۆ به‌رگریكردن له دیموكراتی، رایگه‌یاند، رازی بوونی ئه‌ردۆگان، بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، ئه‌وه ده‌رده‌خات، ئه‌ردۆگان به‌رنامه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كابولی هه‌یه، پێشتر ئه‌ردۆغان ئه‌و خه‌ونه‌ی خسته به‌رده‌می ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش.
روونیكرده‌وه، ئه‌و گۆڕانكارییه خێرایه‌ی كه له ئه‌فغانستان روویدا، خه‌ونه‌كه‌ی ئه‌ردۆغانی خسته مه‌ترسییه‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا، توركیا ده‌رگای له‌به‌رده‌م په‌نابه‌رانی ئه‌فعانی كرده‌وه، كه له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابوله‌وه، روویان له ئه‌نكه‌ره كرد، پێشتریش ئه‌ردۆغان چه‌ندین جار په‌یوه‌ندی به سه‌ركردایه‌تی تاڵیبانكرد، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی سوپای توركیا، له كابول.
سه‌رچاوه: روسیاالیوم
ك.ب