وردەکاری کوژرانی منداڵێک لە هەڵەبجە لەلایەن باوکییەوە

لەلایەن باوکییەوە کوژراوە و دانی بە تاوانەکەدا ناوە

راوێژ قادر سەعدی - شەوی 10/8/2021 لە گەڕەکی سەرای هەڵەبجە تەرمەکەی دۆزرایەوە
راوێژ قادر سەعدی - شەوی 10/8/2021 لە گەڕەکی سەرای هەڵەبجە تەرمەکەی دۆزرایەوە

K24 – هەڵەبجە

پۆلیسی هەڵەبجە ئاشکرای کرد، ئەو منداڵە تەمەن 9 ساڵەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەڵەبجە تەرمەکەی دۆزرایەوە، لەلایەن باوکییەوە کوژراوە و دانی بە تاوانەکەدا ناوە.

موقەدەم بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "راوێژ قادر سەعدی کە شەوی 10/8/2021، تەرمەکەی لە هەڵەبجە دۆزرایەوە، دوای لێکۆڵینەوە لەلایەن باوکییەوە کوژراوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەدا ناوە".

گوتیشی: "ئەو شەوە (راوێژ) بۆ نوێژ چووەتە مزگەوتێک لە گەڕەکی سەرای پارێزگای هەڵەبجە، دوای کاتژمێر 11ی شەو تەرمەکەی لەناو بیرێک دۆزرایەوە، دواتر لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکرد و سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیر کران، دوای پێنج رۆژ تاوانباری سەرەکی ئاشکرا کرا. کە باوکییەتی بەناوی قادر سەعدی".

روونیکردەوە: "باوکی کاتێک بەدوای کوڕەکەیدا رۆیشتووە، ویستویەتی کوڕەکەی بترسێنێت، لەوکاتە کارەبا نەبووە، شیشێکی بۆ وەشاندووە و شیشەکە بەر سەری کوڕەکەی کەوتووە و لەوێ گیانی لەدەستداوە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکە خستویەتییە ناو بیرەکە".

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەشکرد: "باوکی پەشیمانی لەو کارە دەربڕیوە و مەبەستی نەبووە کوڕەکەی بکوژێت، بەڵام هەڵەکە لە دەستی روویداوە و ویستویەتی ئاشکرا نەبێت".