ئه‌مه‌ریكا چی له 200 فڕۆكه‌ی جه‌نگی به‌رده‌ست تاڵیبان ده‌كات
مانه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكانه بووه‌ته جێی نیگه‌رانی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئه‌مه‌ریكا
K24 – هه‌ولێر:
دوای كۆنترۆڵكردنی زۆرینه‌ی خاكی ئه‌فغانستان له لایه‌ن تاڵیبانه‌وه، 200 فڕۆكه‌ی جه‌نگی سوپای ئه‌و وڵاته ئێستا له ژێر ده‌ستی بزووتنه‌وه‌كه‌دان.
مانه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكانه بووه‌ته جێی نیگه‌رانی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئه‌مه‌ریكا.
پرسیاری سه‌ره‌كی له‌و نێوه‌دا، ئه‌وه‌یه، چاره‌نووسی ئه‌و فڕۆكانه چی ده‌بێت، ئایا تاڵیبان ده‌توانێت به‌كاریان بهێنێت؟ ئایا وه‌ك به‌شێك له ته‌كنۆلۆژیای ئه‌مه‌ریكی ده‌فرۆشرێن به چین و رووسیا یاخود ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌دات؟
هه‌ریه‌ك له "ماركۆس وایسبێرجێر و وتارا كوپ" له وتارێكدا، كه له سایتی "دێڤنس وان" بڵاوكراوه‌ته‌وه ئه‌و پرسه‌یان تاوتوێكردووه و له‌و باره‌یه‌وه نووسیویانه: پێشتر هێزه ئه‌فغانییه‌كان تۆمارێكی درێژیان له باره‌ی له‌ده‌ستدانی چه‌كی ئۆتۆماتیكی و ده‌مانچه و چه‌كی پێشكه‌وتوو هه‌یه كه به‌ره به‌ره كه‌وتنه ده‌ست تاڵیبان.
به رای ئه‌و دوو نووسه‌ره، ئێستا تاڵیبان ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان و هێلیكۆپته‌ری جه‌نگی و فڕۆكه‌ی جه‌نگی له‌به‌رده‌سته.
له مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا، هێزی ئاسمانی ئه‌فغانستان خاوه‌نی 200 فڕۆكه بووه، 167 فڕۆكه‌یان گونجاو بوون بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركی سه‌ربازی.
فڕۆكه‌كان له دوو فڕۆكه‌خانه راگیرابوون، یه‌كێكیان له كابول و دووه‌میان له قه‌نده‌هار و ئێستا هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه له ده‌ستی تاڵیبانن.
له وتاره‌كه‌دا هاتووه: زۆربه‌ی فڕۆكه‌كان بۆمبیان له‌گه‌ڵدایه و 24 فڕۆكه‌یان له جۆری ئه‌ی-29 سوپر توكانۆس_ن، كه ئه‌مه‌ریكا داویه‌تییه هاوشانه ئه‌فغانییه‌كانی بۆ پشتیوانی له هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر تاڵیبان و ئه‌و فڕۆكانه ده‌توانن بۆمبی جۆراوجۆر هه‌ڵبگرن و به لێزه‌ر ئاراسته بكرێن.
روونیان كردووه‌ته‌وه، حكومه‌تی پێشووی ئه‌فغانستان 50 هێلیكۆپته‌ری ئه‌مه‌ریكی جۆری "ئێم دی – 530"ی هه‌بوو، كه مه‌تره‌لۆز و مووشه‌كیان پێوه‌یه. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك هێلیكۆپته‌ری جۆری بلاك هۆكییان هه‌بوو. ژماره‌یه‌ك هیلیكۆپته‌ری رووسی جۆری "می 17" و فڕۆكه‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازی جۆری "سی 130" و "سیسنا"یان له‌به‌ر ده‌ست بوو، تا كه‌وتنی كابول ئه‌مه‌ریكا ئه‌و فڕۆكانه‌ی نۆژه‌ن ده‌كرده‌وه.
ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه كراوه، ئێستا تاڵیبان ژماره‌یه‌ك هێلیكۆپته‌ری "می 35"ی هه‌یه، كه پێشتر هیندستان به دیاری دابوویه ئه‌فغانستان.
هه‌ردوو نووسه‌ری وتاره‌كه ئاشكرایانكردووه، هه‌موو ئه‌و فڕۆكانه سه‌لامه‌ت بوون، تا ئه‌و رۆژه‌ی گه‌یشتوونه‌ته ده‌ست تاڵیبان، به‌ڵام به‌كارهێنانی ئه‌و فڕۆكانه پێویستی به راهێنانی سه‌ربازی هه‌یه و دوای هه‌ر به‌كارهێنانێك فڕۆكه‌كان پێویستیان به چاودێری و چاككردن هه‌یه و ره‌نگه ته‌نیا بوونی فڕۆكه‌وان به‌س نه‌بێت بۆ سه‌روكاری به‌كارهێنانی ئه‌و فڕۆكانه. هێشتا روونیش نییه ئایا ئه‌مه‌ریكا له دوای كشانه‌وه‌ی یه‌كجاری له ئه‌فغانستان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و فڕۆكانه‌دا ده‌كات!؟