كادیرێكی پارتی له‌لایه‌ن هێزێكی دژه تیرۆری یه‌كێتییه‌وه شه‌هید كرا
هێزه‌كه بۆ ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تبار چوونه و ته‌قه‌یان له ماڵی كادیره‌كه‌ی پارتی كردووه
K24 - هه‌ولێر:
كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، به ناوی "شاهۆ عزه‌ددین" له ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر، له‌لایه‌ن هێزێكی دژه تیرۆری یه‌كێتییه‌وه شه‌هید كرا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، هێزێكی دژه تیرۆری یه‌كێتی به‌ناوی ده‌ستگیركردنی دوو تۆمه‌تباری عه‌ره‌ب، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر گوندی بارزان-ی سه‌ر به‌ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر، كه سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووكه، ئه‌و هێزه سه‌ره‌تا ته‌قه‌یان له ماڵی شاهۆ كردووه كوشتوویانه.
په‌یامنێری كوردستان24 راشیگه‌یاند، ئه‌و كادیره‌ی پارتی هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌سدا نه‌بووه، هاوكات په‌یوه‌ندیشی به كێشه‌ی دوو تۆمه‌تباره‌كه نه‌بووه كه ئه‌و هێزه‌ی دژه تیرۆری یه‌كێتی بۆ ده‌ستگیركردنی چوونه‌ته گونده‌كه و تا ئێستا نازانرێت هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌كه له ماڵی ئه‌و كادیره‌ی پارتی چییه.
برایه‌كی ئه‌و كادیره شههیدكراوهی پارتی به كوردستان24ی رایگه‌یاند، براكه‌یان باوكی چوار منداڵه، بێ تاوان بووه و نازانن هۆكاری كوژرانه‌كه‌ی چییه بووه، داواش ده‌كه‌ن هۆكاری كوژران و بكوژی شاهۆ ئاشكرا بكه‌ن.
راشیگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئامۆزاكه‌ی چوونه‌ته ماڵی براكه‌ی له گونده‌كه و بینیویانه له سووچێكی ژووره‌كه‌دا براكه‌ی كوژراوه، ئه‌و هێزه‌ی براكه‌یان كوشتووه، كامێراكانی چاودێریان شكاندووه و هاردی كامێراكانیشیان بردووه.