لە بەغدا 4 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران
8 چەکداری دیکەشیان برینداربوون
K24 - هەولێر
لە هێرشێکی چەکدارانی داعش لە باکووری بەغدا چوار چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، درەنگانی شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکداری داعش، لەرێگەی قەناس و بۆمبی چێندراو، هێرشییان کردە سەر لیوای 12ی حەشدی شەعبی، لە ناوچەی تاڕمییە لە باکووری بەغدا، لە ئاکامدا چوار چەکداری حەشد کوژران و هەشتی دیکەش برینداربوو، کە سەربە میلیشیای بزووتنەوەی نوجەبا بوون، یەکێک لە کوژراوەکان، جێگری فەرماندەی فەوجە.
لە ماوەی رابردووشدا بەردەوام تاڕمییە ناوچەیەکی گەرمی پێکدادانی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق دەستیان بە کردەوەکانیان کردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی حکومەتی عێراقیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە دەبێ هەوڵەکان دژی داعش چڕ بکرێنەوە.