پەرتەوازەیی نێو ماڵی شیعە هاووڵاتیانی لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن ساردکردووە
هاووڵاتییهك له بهغدا: بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، چونکە هەر هەمان دەموچاون و هەمووشیان گەندەڵن
K24 - ههولێر:
کوردستان24 لە بەغدا هاوشێوەی راپرسی لێدوانی 10 هاوڵاتیان وەرگرتووە و لێیان دەپرسێت بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەی یان نا، حەوت لەو هاوڵاتیانە دەڵێن بەشداری ناکەین، هۆکارەکەشی دەخەنەڕوو، سیانەکەی دیکەش بەشداری دەکەن و خەڵکیش هان دەدەن، کە دەنگ بدەن، چونکە پێیان وایە تاکە رێگه بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستای عێراق گۆڕانکارییە لە رێگهی هەڵبژاردنەوه، بەهۆی پەرتەوازەیی نێو ماڵی شیعە هاووڵاتیان دوودڵن لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن.
له شەقامی موتەنەبی، کە بە شادەماری رۆشنبیری عێراق ناسراوە، زۆرترین ئهو كهسانهی دێنه ئهو شهقامه چینی رۆشنبیر و کەسانی ئەکادمی و هونەرین، لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخته هاوشێوەی راپرسیەك 10 کەس قسهی بۆ كوردستان24 كرد، پرسیاریان لێكرا، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ دەدەن یان نا؟، حەوت لەو هاوڵاتیانە ئاماژهیان بهوه كه دەنگ نادەین و هۆکارەکەشیان خستەڕوو.
یهكێك كه خۆی به شرۆڤەکاری سیاسی ناساند، گوتی: "من وەك شرۆڤەکارێکی سیاسی و بەرپرسم لە قسەکانم بەشداری هەڵبژاردن ناکەم"، هاووڵاتییهكانی دیكه بهو شێوهیه رای خۆیان دهربڕی:
"لە هەڵبژاردن دەنگ نادەم، چونکە ئێمە مافمان لە سەریانە، دەنگ بەهەرکەمیان بدەین، مافەکانمان نادەن".
"ئەم میلەتە کەسی دەنگ نادات، ئەوە قسەی منە، چونکە ئەوانە پێمان پێدەکەنن".
"بەڕاستی پێت بڵێم بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، چونکە هەڵبژاردن بەهای نەماوە و هەر ئەو دەموچاوانە جارێكی دیكه دەگەڕێنەوە".
"وهڵڵا من بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەم، زۆر بەداخەوە، ئەم هەڵبژاردنانە گزیکاری تێدایه بە پێوەری ئەوەی تەماشای حکومەتەکانی پێشووتر بکە".
"من بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، چونکە هەر هەمان دەموچاون و هەمووشیان گەندەڵن"
"ئەم دۆخە هانمان نادات بەشداری هەڵبژاردن بکەین و دەنگ بەوانە بدەین، کە هیچ ئینتیمایەکیان بۆ عێراق نەماوە".
لە کۆی ئەو 10کەسەی کە ئێمە لە سەر هەڵبژاردن پرسیارمان لێیان کرد، سیانیان گوتیان بە ئومێدی گۆڕانکاری و پاراستنی بناغەی پڕۆسەی دیموکراسی لە هەڵبژاردن دەنگ دەدەین و داواشیان لە خەڵکی دیکە دەکرد، بە پەرۆشەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچن.
"ئێمە وەک چینی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس خەڵک هوشیار بکەینەوە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ گۆڕینی گەندەڵکاران".
"تاکە چارەسەر بۆ ئێمەی عێراقی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردنەکان، ئەگەر دەمانەوێت رەوشی سیاسی بگۆڕین و گەندەڵی نەهێڵین لەم وڵاتە".
"زۆر گرنگە لەم هەڵبژاردنە بەشداری بکەم، چونکە دەتوانین دەنگ بە کەسێکی راستگۆی نیشتمانپەروەر بدەین، بۆ ئەوەی هەڵەکانی رابردوو راست بکاتەوە".
نێو ماڵی شیعە پەرتەوازەیە و بوونەتە دوو بەشەوە، بەشێکیان وەك دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح و نەسڕ و گروپەکانی حەشد پێداگری دەکەن، لە سەر ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، لە بەرامبەریشدا سائیرون و 26 کوتلەی دیکە باکۆتی هەڵبژاردنیان کردوە و داوای دواخستنی دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتیان زیاتر دوودڵ بن لە بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنەکان.
د.ی