ئه‌تلانتیك: كورد خۆی ناكاته قوربانی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق
ته‌نانه‌ت دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵیش كورد نابێته‌وه به‌شێك له عێراق
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه، پرۆسه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ره‌ققه‌ی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداری داعش، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌ستپێكرد، كه به پایته‌ختی ئه‌و رێكخراوه ناسراوه له سووریا، له‌لایه‌ك دیكه‌وه هێزه عێراقییه‌كان له هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی فه‌للووجه‌دان، كه بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك گه‌وره‌ترین شاری عێراق، به‌ر له دوو ساڵ كه‌وته ده‌ست داعش.
وێستگه‌ی داهاتوو مووسڵ ده‌بێت، كه دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه له رووی دانیشتووانه‌وه و له 2014ه‌وه سوپای عێراق له‌و شاره پاشه‌كشێی كرد و تێیدا "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی" خه‌لافه‌ی راگه‌یاند و خۆیشی وه‌ك "خه‌لیفه" ناساند.
رۆژنامه‌ی "ذه ئه‌تلانتیك" له بابه‌تێكیدا ئاماژه به لێدوانێكی ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، كه تێیدا ره‌خنه له ئه‌دای حكوومه‌تی عێراق ده‌گرێت له شه‌ڕی داعش و جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خۆی ناكاته قوربانی گه‌ڕاندنه‌وه یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق.
پێشمه‌رگه
به بۆچوونی "ئه‌حمه‌د عه‌زیز"، رێگه‌ی موسڵ له به‌غداوه ده‌ست پێده‌كات، هه‌رچه‌نده به‌غدا به گوێره‌ی پێویست چه‌كی نه‌داوه‌ته پێشمه‌رگه و ئه‌و هێزه كاریگه‌ره‌ی پڕچه‌ك نه‌كردووه، به‌ڵام كورد رێگه‌ی به سوپای عێراق داوه بۆ ئه‌وه‌ی له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ، خاكی كوردستان به‌كاربهێنێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و كاره بووه‌ته هۆی ئه‌نجامدانی په‌لاماری زیاتری سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر خاكی كوردان له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
به گوێره‌ی قسه‌كانی ئه‌حمه‌د عه‌زیز، پێشمه‌رگه، كاریگه‌رترین و به‌هێزترین هێزی زه‌مینییه له شه‌ڕی دژی داعش و له سه‌رجه‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا داعشی تێكشكاندووه و چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ی بۆ سنووره‌كانی موسڵ پاشه‌كشه پێكردووه.
ئه‌تلانتیك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، زیاتر له 40 هه‌زار پێشمه‌رگه، به چه‌كێكی كۆنی رووسی، پارێزگاری له سنوورێكی 600 كیلۆمه‌تری شاری موسڵ ده‌كه‌ن و كورد نیازی ئه‌وه‌ی نییه ئه‌و شوێنانه‌ی خۆی كۆنتڕۆڵیكردوونه‌ته‌وه و له چنگ داعش ده‌ریهێناون، جارێكی دیكه ده‌ستبه‌ردارییان ببێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌و شوێنانه‌ی كه سوپای عێراق پاشه‌كشێی لێكردووه وه‌كو كه‌ركووك.
ئه‌و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌ڵێت: "ئێمه به‌شێكین له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئه‌و زه‌وییانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیركراون، مه‌ترسییان بۆ سه‌ر ئێمه دروستكردووه، بۆیه ئێمه گرنگی به به‌شداریكردنمان له پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌ده‌ین، پێشبینی ئه‌وه‌ش حكوومه‌تی عێراق له رووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه قه‌ره‌بوومان بكاته‌وه".
دووركه‌وتنه‌وه‌ی كورد
ئه‌حمه‌د عه‌زیز، كه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدایه ده‌ڵێت، حكوومه‌تی عێراقی هه‌وڵی په‌كخستنی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كورد ده‌دات، به‌تایبه‌تیش دوای راگه‌یاندنی پلانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه له عێراق، كه له‌لایه‌ن مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه راگه‌یه‌ندراوه.
حكوومه‌تی عێراق، دوو ساڵ زیاتره به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیوه و شایسته داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌شی نه‌داوه، هه‌روه‌ها هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانی كڕینی چه‌كی داوه، كه له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه مۆركراون، ئه‌مه له كاتێكدایه كه هاوكاری هه‌ندێك هێزی دیكه‌ی كوردی ده‌كات، كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمدان.
ئه‌وه‌ش به‌هیچ جۆرێك نابێته هانده‌رێك بۆ به‌شداریكردنی ئه‌و هێزه كاریگه‌ری له ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ و وا له كورد ده‌كات هه‌ست بكات ئه‌و جه‌نگه، جه‌نگی ئه‌و نییه.
ئه‌گه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ده‌یه‌وێت پێشمه‌رگه به‌شدارییه‌كی كارا له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا بكات، ئه‌وا پێویست له‌سه‌ری مافه‌كانی كورد وه‌ك له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه، بگه‌ڕێنێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر وا بێت، كورد نابێته‌وه به‌شێك له عێراق، ته‌نانه‌ت دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵیش.
ئه‌حمه‌د عه‌زیز، كه ئێستا له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانی له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سه‌رقاڵی هه‌ماهه‌نگین له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و داڕشتنی پلانی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه پێشمه‌رگه هێزێكی ئازا و بوێره، به‌ڵام ناتوانێت به ته‌نها بچێته مووسڵ، بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتووانی شاره‌كه وه‌ك هێزێكی دیكه‌ی داگیركه‌ر سه‌یرییان نه‌كات، به‌تایبه‌تیش له ئێستادا كه كورد له‌ناوچه‌كانیدا هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆی ده‌دات.
سیاسه‌تی حكوومه‌ت سووننه‌كانی تووڕه كردووه
هه‌ڵكه‌وته و پێكهاته‌ی موسڵ له رومادی جیاوازه، ئه‌گه‌رچی حكوومه‌تی عێراق توانی به پشت به هۆزه سووننه چه‌كداره‌كان له رومادی ببه‌ستێت و میلیشیا شیعییه‌كان دووربخاته‌وه، كه مێژووییه‌كی خوێناوییان له شاره‌كدا هه‌یه، به‌ڵام پێكهاته‌ی موسڵ به ته‌واوه‌تی جیاوازه، تێكه‌ڵه‌یه‌كی ره‌گه‌زی و ئایینی تێدایه و سه‌نته‌ری سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومه‌تی عێراقه، كه تا ئێستاش و له‌و قه‌یرانه‌شدا، سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر به‌و شاره گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، به‌لای دانیشتووانی موسڵیش، حكوومه‌تی عێراق جێگره‌وه‌یه‌كی متمانه‌پێكراو نییه.
به گوێره‌ی گفتوگۆی كورد له‌گه‌ڵ ئاواره و په‌نابه‌رانی سووننه‌ی عه‌ره‌ب له هه‌رێمی كوردستان، سیاسه‌تی حكوومه‌تی عێراق وایكردووه گرنگی به شه‌ڕكردن نه‌ده‌ن له پێناو موسڵ، له‌كاتێكدا هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی بۆ سه‌قامگیری و ئه‌منی و سیاسه‌تێكی روون نه‌بێت له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غداوه.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی میشیلیا شیعییه‌كان ده‌دات له موسڵ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته هۆكارێك بۆ شكستهێنانی چه‌ند هه‌وڵێكی ناوخۆیی سووننه‌كان له موسڵ له دژی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
نه‌ك هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو گرتنه‌وه‌ی جڵه‌وی موسڵ له دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی، به گوێره‌ی گوته‌ی ئه‌حمه‌د عه‌زیز، ده‌وه‌ستێته سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی عێراق له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی سووننه ئایینزا، كه باوه‌ڕی به‌شێكی زۆر له سه‌ركرده سووننه‌كان وایه، به راگه‌یاندنی خۆڕێبه‌ری، یاخود حوكمیزاتی، له ناوچه‌كانی باكوور و رۆژئاوای عێراق، ناوچه‌كه ئارام ده‌بێت.
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی نووری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، حكوومه‌ت به ره‌وانه‌كردنی سوپای عێراق بۆ ناوچه‌كان وه‌ڵامی ئه‌و داوایانه‌ی ده‌داوه و یاسای سه‌ربازی تێدا جێبه‌جێ ده‌كردن.
به گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، نزیكه‌ی 9 هه‌زار چه‌كدارانی داعش له موسڵن، بۆ پاككردنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی ئه‌وانه‌ش، پێویستی به شه‌ش مانگ كات و هێزێكی تۆكمه‌ی سه‌ربازی هه‌یه، ئه‌مه له‌كاتكێدایه، ئه‌و سوپایه‌ی عێراق كه له شارۆچكه‌ی مه‌خموور جێگیركراوه، ژماره‌یان ته‌نها 5400 كه‌سه.
به گوته‌ی ئه‌حمه‌د عه‌زیز، حكوومه‌تی عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنێكی خێرا به‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش له موسڵ، پێویستی به هێزی پێشمه‌رگه و كۆمه‌ڵگه‌ی سووننه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نایه‌ته‌دی، چونكه حكوومه‌تی عێراق دان به مافه ره‌واكان و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد نانێت و هه‌وڵی هه‌زمكردنی سووننه‌ش ده‌دات.
كورد بڕوای وایه، سه‌قامگیری درێژخایه‌ن نایه‌ته‌دی، ته‌نها به دانپێدانان به عێراقی نوێ، كه به كردار دابه‌شبووه، هێزی سه‌ربازی هه‌رچه‌ندێك بێت، ناتوانێت ئاشتی به‌رپا بكات.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، كه له‌م هه‌فته‌یه‌دا، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له ئۆپه‌راسیۆنێكدا، توانییان 9 گوند له میحوه‌ره‌كانی خازر، له چه‌كدارانی داعش پاك بكه‌نه‌وه و به قووڵی 23 كیلۆمه‌تر، پاشه‌كشه به داعش بكه‌ن.