بارزانى پهيامێك ئاراستهى يهكێتى دهكات
سهرۆكى ههرێمى كوردستان مهسعوود بارزانى له پهيامێكدا كه به بۆنهى ساڵڕۆژى دامهزراندنى يهكێتى نيشتيمانى كوردستانهوه ئاراستهى ئهو حزبهى كردووه، رايگهياند، با رێگا نەدەین چیتر گەلەکەمان بە ئاگری ناکۆکییەکانی ناوچەکە بسووتێت.
K24 – ههولێر:
سهرۆكى ههرێمى كوردستان مهسعوود بارزانى له پهيامێكدا كه به بۆنهى ساڵڕۆژى دامهزراندنى يهكێتى نيشتيمانى كوردستانهوه ئاراستهى ئهو حزبهى كردووه، رايگهياند، با رێگا نەدەین چیتر گەلەکەمان بە ئاگری ناکۆکییەکانی ناوچەکە بسووتێت.
له بهشێكى ديكهى پهيامهكهيدا بارزانى وێڕاى ستايشكردنى رۆڵى جهلال تاڵهبانى سكرتێرى يهكێتى نيشتيمانى كوردستان و ئهو حزبه له رابردوودا، داوايكردووه، يهكێتى درێژە بەو رەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرییە بدات كه پێشتر پهيڕهوى كردووه و گوتيشى: با هەموومان پێکەوە گەلەکەمان بەرەو ئاییندەیەکی پڕشنگدار ببەین.
دهقى پهيامهكه:
بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان
بە بۆنەی چل و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی كوردستان دەكەم.
ئێستا، سەرباری بوونی تەحەدیاتی گەورە، گەلەكەمان لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە لەگەڵ دوژمنێکی دڕندەدا و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان زۆربەی خاکی پیرۆزی وڵاتیان لە تیرۆریستان پاک کردۆتەوە، لە سایەی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و خوێنی پاکی شەهیدان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان، پێگە و کاریگەریی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێکی باڵا و هەموو جیهان ڕێز و پێزانینی بۆ گەلەکەمان هەیە. ئەم پێگەیە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لەناوچەکە ڕوو دەدەن، وامان لێ دەکات دەست لەناو دەست کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی گەش و ژیانێکی ئارام بۆ گەلەکەمان بکەین و ڕێگا نەدەین چیتر گەلەکەمان بە ئاگری ناکۆکییەکانی ناوچەکە بسووتێت، بۆ ئەوەش پێویستە هەموومان بگەڕێینەوە بۆ ئیرادە و ئاواتی گەلەکەمان کە پیادەکردنی مافی ڕەوای بڕیاردانی چارەنووسە.
بێگومان لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا، تەحەدیاتی گەورەش هاتوونەتە ئاراوە، ئەم دۆخە پێویستی بە هاوکاری و گیانی برایەتی و پابەندبوون بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمانە و پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەدا گیانی نیشتیمانپەروەری و ڕۆحی پێشمەرگایەتی لەناو ڕیزەکان پتەوتر بکەین. هاوکات، سیاسەتی پیلانگێڕان دژی گەلەکەمان و مافە ڕەواکانی لە ئازادی و سەربەخۆیی لە لایەن نەیارانی گەلەکەمانەوە بەردەوامی هەیە و هەڵمەتی بێ ئومێدکردنی گەلەکەمان لە دواڕۆژێکی گەش و سەربەخۆ و، شکاندنی متمانە و ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی گەلەکەمان، بەشێوازی جیاجیا پەیڕەو دەکرێت، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانگێڕییەش ئەرکی هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمانە.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە خەباتی خۆیدا قوربانیی زۆری لەڕێگەی ڕزگاریی گەلی كوردستان داوە و لە گشت قۆناغەكاندا ڕۆڵێكی بەرچاو و نیشتیمانپەروەرانەی گێڕاوە. بەتایبەتی دوای ڕاپەڕینی مەزنی گەلەکەمان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕۆڵێکی کاریگەر و بونیادنەرانەی هەبووە لە دروستکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی کوردستان و ئێستاش خەڵکی کوردستان هەر ئەو چاوەڕانییەی لە یەکێتی هەیە کە لەو ڕۆڵە گرینگەی بەردەوام بێت. ڕۆڵی جەنابی مام جەلال لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی یەکڕیزی و بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لەیاد ناچێت و ئێستایش گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانییەی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیە درێژە بەو ڕەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرییە بدات و هەموومان پێکەوە گەلەکەمان بەرەو ئاییندەیەکی پڕشنگدار ببەین.
بە پێویستی دەزانم لەو بۆنەیەدا هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی بخوازم و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ئەندام و هەوادارانی یەكێتییەكەتان دەخوازم.
بمێنن بۆ كورد و كوردستان.