وەزارەتی کارەبا پڕۆژەیەکی دیکەی لە سنووری هەولێر کردەوە
"پڕۆژەکە دەتوانێ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ کارەبا بۆ پڕۆژەی ئاوی هەولێر دابین بکات"
K24 - هەولێر
پڕۆژەی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی گواستنەوەی کارەبای 33 کەی ڤیی خەبات بۆ وێستگەی ئیفراز (3) کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30/8/2021، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پڕۆژەی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی گواستنەوەی کارەبای 33 کەی ڤیی خەبات بۆ وێستگەی ئیفراز (3) کرایەوە. لە کەورگۆسک کرایەوە، کە بە گوژمەی (11,160,000) دۆلار لە لایەن کۆمپانیان شاندزەوە جێبەجێ کراوە.
وەزیری کارەبا لە وتەیەکدا رایگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە لە ژێر چاودێری سەرۆکی حکومەت بۆ خەڵکی هەولێر جێبەجێکراوە، کە لە 15 کیلۆمەتر هێڵی 33 کەی ڤی لە وێستگەی خەبات بۆ ئاوی ئیفراز (3) هەولێر پێکهاتووە، دەتوانێ بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ کارەبا بۆ پڕۆژەی ئاوی هەولێر دابین بکات، توانای گواستنەوەی 50 بۆ 60 مێگاوات کارەبای هەیە و لە کاتی ئێستادا 10 مێگاوات کارەبا دەگوازێتەوە".
لای خۆشیەوە پارێزگاری هەولێر گوتی: "تەواوی دانیشتوانی سنوورەکە لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن و کاریگەری بەسەر پڕۆژەی ئاوی ئیفراز بۆ دانیشتوانی هەولێر دەبێت، لە ئایندەشدا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز (4) دەست پێدەکرێت".