شه‌ڕه به‌رد و خوێنڕشتن نه‌ریتی فیستیڤاڵێكی هیندستانه
به ڤیدیۆ.. له ماوه‌ی 7 خوله‌كدا 77 كه‌س برینداربوون

K24 - هه‌ولێر:
شه‌ڕه به‌رد به‌شێكی نه‌ریتی فیستڤیاڵێكی ساڵانه‌ی ویلایه‌تی "ئهوتاراخهند"ی هیندستانه، هه‌رچه‌نده ئه‌م ساڵ به‌هۆی كۆرۆناوه ژماره‌یه‌كی كه‌م به‌شدارییان له فیستیڤاڵه‌كه كردووه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و نه‌ریته‌وه له ماوه‌ی 7 خوله‌كدا 77 كه‌س برینداربوون.
رۆژنامه‌ی "ئیندیا توده‌ی" بڵاویكرده‌وه، ساڵانه سه‌دان كه‌س به‌شداری له‌و فیستیڤاڵه ده‌كه‌ن، کە شەڕێکی دڕندانە لەخۆ دەگرێت و دەیان کەس تێیدا بە سەختی بریندار دەبن.
بەپێی نەریتی فیستیڤاڵه‌كه، چوار خێڵ لە ویلایه‌تی "ئهوتاراخەند" کۆدەبنەوە و به‌رامبه‌ره‌كه‌یان به‌ردباران ده‌كه‌ن، هه‌ر یه‌كه‌و له‌لای خۆیه‌وه بێ به‌زه‌ییانه به‌ردی گه‌وره ئاراسته‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات.
هه‌رچه‌نده ئه‌مساڵیش به‌هۆی كۆرۆناوه ژماره‌ی به‌شداربووان به‌راورد به ساڵانی پێشوو كه‌متر بووه و 300 كه‌س به‌شداری تێدا كردووه، به‌ڵام فیستیڤاڵه‌كه ته‌نیا به 7 خووله‌ك، 77 كه‌سی تێیدا برینداربوون و كۆتایی هات.
ده‌سه‌ڵاتدارانی هیندستان له ساڵی 2013 هه‌وڵیاندا له بری به‌رد، گولله‌ی پلاستیكی له فیستیڤاڵه‌كه به‌كاربێت، به‌ڵام به‌شداربووانی فیستیڤاڵه‌كه ئه‌مه‌یان ره‌تكرده‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌و فیستیڤاڵه خوێنڕشتنه.
به‌گوێره‌ی ئه‌فسانه‌ی باس كراوه، "شه‌یتان" هه‌موو ساڵێك میوانداری ئه‌و فیستیڤاڵه ده‌كات، چوار خێڵ داوایان له خواوه‌ندی "باراهی" كردووه، تا یارمه‌تییان بدات، خواوه‌نده‌كه‌یان به‌و مه‌رجه رازی بووه، كه ده‌بێت هه‌موو ساڵێك مرۆڤێك بكرێته قوربانی.
ده‌گێڕنه‌وه، دوای چه‌ندین ساڵ، یه‌كێك له‌و خێڵانه مناڵێكی بچووكی خۆیان بۆ رێزلێنان له "باراهی" بۆ قوربانی ئاماده ده‌كه‌ن، به‌ڵام داپیری ئه‌و منداڵه له خواوه‌نده‌كه ده‌پاڕێته‌وه تا له چاره‌نووسی ئه‌و منداڵه خۆشببێت، خواوه‌نده‌كه وه‌ڵامی نزای ئه‌و پیره‌ژنه‌ی داوه‌ته‌وه و داوای له هه‌رچوار خێڵه‌كه كردووه، له بری قوربانی، ساڵانه یه‌كتر به‌ردباران بكه‌ن و به‌م شێوه‌یه خوێن ده‌ڕژێت له بری قوربانی.
د.ی