به فه‌رمی یانه‌ی دهۆك له خولی باسكه‌ی عێراق كشایه‌وه
تیپی باسكه‌ی یانه‌ی دهۆك به‌هۆی كێشه‌ی دارایی به فه‌رمی له خولی باسكه‌ی نایابی عێراق كشایه‌وه.
خه‌تاب عومه‌ر راهێنه‌ری تیپی باسكه‌ی یانه‌ی دهۆك له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند له لایه‌ن ئیداره‌ی یانه‌كه‌یان ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه ناتوانن خه‌رجی و مووچه‌ی تیپی باسكه‌ی یانه‌كه‌یان بۆ ئه‌م وه‌رزه دابین بكه‌ن.
راهێنه‌ری تیپی باسكه‌ی دهۆك گوتیشی: ئه‌م بڕیاره ئێمه‌ی تووشی شۆك كردووه، چونكه ئێمه 8 مانگه راهێنان ده‌كه‌ین و ئاماده‌كاریمان بۆ خوله‌كه كردووه و هه‌موومان به‌هۆی ئه‌م بڕیاره هه‌ست به‌دڵته‌نگی ده‌كه‌ین.
راهێنه‌ری تیپی باسكه‌ی دهۆك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه به نیازبوون به پێكهاته‌یه‌كی خۆماڵی به‌شداریی له خوله‌كه بكه‌ن، ده‌شڵێت: كۆی مووچه‌ی یاریزانه‌كانمان نه‌ده‌گه‌یشته 4 ملیۆن دینار، به‌هه‌موو خه‌رجییه‌كان پێویستیمان به 20 ملیۆن دینار هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له خوله‌كه بكه‌ین، كه‌چی ئیداره‌ی یانه‌كه ئه‌و داواكارییه‌ی ئێمه‌یان ره‌تكرده‌وه، له كاتێكدا یانه‌ی دهۆك هه‌میشه له‌سه‌ر ئاستی خوله‌كه ژماره‌یه‌كی قورس بووه.
یانه‌ی دهۆك سه‌ره‌تا ویستیان بابه‌تی كشانه‌وه‌ی تیپی باسكه‌ی یانه‌كه‌یان له هانده‌ران و میدیایه‌كان بشارنه‌وه، بۆیه وه‌كو كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر هه‌واڵێكی كوردستان24 له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕه‌تیان كردبووه‌وه كه یانه‌كه‌یان له خوله‌كه كشابێته‌وه، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت هه‌واڵه‌كه‌ی كوردستان24 به‌پشبه‌ستن به زانیاری دروست بووه و ئێستا به فه‌رمی تیپی باسكه له خولی نایابی عێراق كشاوه‌ته‌وه.
یانه‌ی دهۆك پێشتر 5 جار بووه‌ته پاڵه‌وانی خولی نایابی باسكه‌ی عێراق و به‌شداریی پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئاسیاشی كردووه.