له ئه‌مه‌ریكا ته‌قه‌ی هه‌ره‌مه‌كی شه‌ش كه‌سی دیكه‌ی بریندار كرد
رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه له شاری ئێست سانت لویس، له ویلایه‌تی ئیلینۆی ئه‌مه‌ریكا روویداوه
K24 – هه‌ولێر:
شه‌ش كه‌سی دیكه له ئه‌مه‌ریكا به هۆی ته‌قه‌ی ههرهمهكییهوه بریندار بوون.
رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه له شاری ئێست سانت لویس، له ویلایه‌تی ئیلینۆی ئه‌مه‌ریكا روویداوه.
پۆلیسی ناوچه‌كه رایگه‌یاندووه، گریمانه ده‌كرێت 12 كه‌س پێكرابن و ئه‌وه‌ی زانراوه تا ئێستا 6 كه‌س گه‌یه‌ندراونه‌ته نه‌خۆشخانه بۆ چاره‌سه‌ر.
میدیای خۆجێی شاره‌كه ئاشكرایانكردووه، ته‌قه‌كه‌ره‌كان رایانكردووه و له كاتی راكردنیشدا ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كێشاویه‌تی به پاسێكدا.
یه‌كێك له كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و ویلایه‌ته ئاشكرایكردووه، سێ كه‌س له ته‌قه‌كه‌ره‌كان ته‌قه‌یان له پۆلیسیش كردووه و ئێستا پۆلیس به شوێنیان‌دا ده‌گه‌ڕێت.
شارۆچكه‌ی ئیست سانت لویس، 25 هه‌زار كه‌سی لێ ده‌ژین و به هۆی هه‌ژارییه‌وه به راده‌یه‌كی به‌رچاو رێژه‌ی تاوان تێیدا به‌رزه.
سه‌رچاوه: NBC