بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کەرنەڤاڵەکەن
K24 – هەولێر
بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر دەستیپێکرد.
کەمێک پێش ئێستا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بەشداربوونی هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستپیکرد.
لە سەرەتای کەرنەڤاڵەکەدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئەمڕۆ 11ی ئەیلوولمان هەڵبژاردووە بۆ ئەم کەرنەڤاڵە، چونکە ناکرێ یادی شۆشی مەزنی ئەیلوولمان لەبیربچێت، تەرجومەکردنی شۆڕشی ئەیلوول مانای دامەزراندنی پارتی لە سەرەتاوە تائێستا، چونکە پارتی کە دامەزرا بە شوێن پیناسەی کورد کەوت، بۆ ئەوەی کورد خۆی بناسێ و کورد بناسێنێت، هەروەها ستەمی سەر کورد نیشان بدات،و رێگەچارەیەک بۆ هەڵگرتنی ئەو ستەمە بگرێتەبەر کە رێگەچارەی سیاسیی و خەباتی دیموکراسی بوو، لەو بوارە جێ پەنجەی پارتی و سەرکردەکانی دیارە، هاوکات خەباتی چەکداری کە لەسەری فەرز بوو، ئەگەر مێژووی پارتی بخوێنینەوە دەزانین بۆ گەلی عێراق دیموکراتییەتی خواستووە و بۆ خۆشی ئامانجەکانی شۆڕشی ئەیلوول بەپێی هەلومەرج و قۆناغەکان بووە، لە لامەرکەزیەتەوە بۆ بەیانی 29ی حوزەیرانئ 1966 و پاشان بۆ ئۆتۆنۆمی، کە یەکەمینجار و درێژترین ماوە بوو کە کورد لەو کاتە خۆی بەڕێوەببات، ئەویش کاتی رێککەوتنی 11ی ئەیلوول لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بە رێبەرایەتی بارزانی نەمر و حکومەتی مەرکەزی ئەوکاتی بەغدا، ئەو بەرهەمەی ئێستا هەیە لە سایەی خەبات و بەرنامە رێژی ئەو حزبەیە".
فازڵ میرانی گوتیشی: "لە ساڵی 1974 پارتی لیژنەیەکی دروستکرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا، کە ئەمجارە دانوستان لەسەر فیدراڵی بێت نەک ئۆتۆنۆمی، واتا شۆڕشی ئەیلول بیرکردنەوەیەکی راست، بەرەنگاری لە هێرشی چەکداری و بەرگری لە میللەت، هەروەها دامەزراندنی ئۆرگانەکانی ئیداری هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەستپیکر، بۆیە شۆڕشی ئەیلوول تەنها پێشمەرگە نەبوو بۆ بەرگری لە کوردستان، بەڵکو شۆڕشی پەروەردە، تەندروستی، دادوەری، بوو ئەمانە هەموو لە شۆڕشی ئەیلوول هەبوون، ئەوکات یەکەم یاسای چاسازی زەوی بە بڕیاری بارزانی نەمر لە پشدەر کرا".
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ کاندیدەکان گوتی: "ئێوە بەربژێری میللەتێکن لە رێگەی حزبەکەتانەوە، کە بەرنامەڕێژی کردووە لە بزووتنەوەی دیموکراتییەت، هەڵبژاردنەکان روێکی دیموکراتییەت، بانگەشەی خۆتان دەستپێبکەن بەپێی پەیڕەو پڕۆگرامی حزبەکەتان، ئەویش دانەبەزاندنی ئاستی حزبی خۆتانە بۆ زمانی زبری خەڵکی تر، دەبێ ئێوە رەوشتی حزبەکەی خۆتان لە بانگەشە بپارێزن، ئەو رێنماییانەی لە لیژنەی باڵا دەرچووە هەموو بەرپرسی لق و لیژنەکان پابەندی بن، ئەمانە زامنی سەرکەوتنی ئێوە و حزبەکەتانە".