ئه‌ردۆغان: ئێستا توركیا له هه‌موو پرسه‌كانی ناوچه‌كه خاوه‌ن قسه‌ی خۆیه‌تی
سه‌رۆكی توركیا: ده‌كرێت ئێستا كاریگه‌ری توركیا له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كانی ناوچه‌كه ببینرێت، هه‌ر له سووریاوه تا لیبیا و له ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه تا قه‌وقاز
K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، ئێستا توركیا به هێزه سه‌ربازی، دیپلۆماسی و ئابوورییه‌كه‌ی بووه‌ته خاوه‌ن را و بڕیاری خۆی له هه‌موو ئه‌و پرسانه‌دا، كه په‌یوه‌ندییان به ناوچه‌كه‌وه هه‌یه.
ئه‌م گوتانه‌ی ئه‌ردۆغان له‌میانه‌ی گوتارێكدا له‌كاتی به‌شداریكردنی له كۆنگره‌ی 26ی كۆمه‌ڵه‌ی پیاوانی كار و پیشه‌وه‌رانی سه‌ربه‌خۆی تورك (موسیاد)ـدا له شاری ئیستانبوڵ هاتوون و گوتی: ده‌كرێت ئێستا كاریگه‌ری توركیا له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كانی ناوچه‌كه ببینرێت، هه‌ر له سووریاوه تا لیبیا و له ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه تا قه‌وقاز.
سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی له بواری پیشه‌سازی به‌رگری و ته‌كنه‌لۆژی ناوه، وێڕای هه‌موو كۆسپ و له‌مپه‌ره‌كان، به‌رهه‌مه‌كانی توركیا بوونه‌ته جێگای سه‌رنجی هه‌موو جیهان.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، توركیا ئێستا ده‌توانێت فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی هه‌ڵگری چه‌ك دروست بكات، ئه‌و چه‌كه‌ش پێگه‌ی توركیای له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌رز كردووه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به ئه‌جێندای كاره‌كه‌ی بۆ هه‌فته‌ی داهاتووش، ئه‌ردۆغان گوتی: ئه‌و سه‌ردانی ویلایه‌تی نیۆیۆركی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا بكات.
روونیشیكرده‌وه، له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ نیۆیۆرك، ماڵی نوێی توركی ده‌كاته‌وه، كه له 36 نهۆم پێكهاتووه و ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ماڵی نوێی توركی نووسینگه‌كانی نوێنه‌رایه‌تی هه‌میشه‌یی توركیا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كونسوڵخانه‌ی گشتی توركیا له نیۆیۆرك له‌خۆ ده‌گرێت، وێڕای هۆڵه‌كانی كۆنگره و ئاهه‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ فڕگه‌یه‌كی گه‌وره.
H.B