بڕێک بەنزین گەیشتە هەرێمی کوردستان

نرخی بەنزین دادەبەزێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – دهۆک

دوای رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕێک بەنزین لە بەغداوە گەیشتە پارێزگای دهۆک، کە ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی بەنزین.

موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتن، بڕیاردرا کە هەزار و هەشتا مەتر سێجا بەنزین، بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، ئێستا بەنزین گەیشتووەتە پارێزگای دهۆک".

گوتیشی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و خودی وەزیری سامانە سرووشتییەکان ماوەیەکە لە هەوڵدابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی باری سەرشانی خەڵک سوک بکرێت".

پێشتر بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیان لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزین دابوو، کە هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ، بۆیە وەزیری سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتووە، کە لە بەغداوە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.