گوته‌بێژی حكومه‌ت: كار له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی كاری رۆژنامه‌وانی ده‌كه‌ین
"بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ماویه‌كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی ده‌ركردنی رێنمایی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیارییه"

K24- هه‌ولێر:
جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم به تایبه‌تیش كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كاری بۆ پاڵپشتیكردنی كاری میدیایی له هه‌رێمی كوردستان كردووه و له كارنامه‌كه‌شیدا گرنگییه‌كی زۆری به پاڵپشتیكردنی ئازادی راده‌ربڕین له چوارچێوه‌ی یاسادا داوه.
ئه‌م گوتانه‌ی جووتیار عادل له میانه‌ی رێوڕه‌سمی كۆتاییهاتنی كۆرسی ستاندارده جیهانییه‌كانی میدیای هاوچه‌رچ له شاری هه‌ولێر هاتوون و گوتی: له هه‌رێمی كوردستان نه‌ك ته‌نها حكومه‌ت، به‌ڵكو له په‌رله‌مانیش ئه‌و یاسایانه ده‌ركراون، به‌تایبه‌ت یاسای كاری رۆژنامه‌وانیی ژماره 35ی ساڵی 2007، هه‌روه‌ها یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی ژماره 11ی ساڵی 2013 و پشتیان به یاسای نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان به‌ستووه، هه‌روه‌ها پشتیان به به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌خلاقیی فیدراڵیی ساڵی 1954 به‌ستووه. هه‌ر بۆیه هه‌رێمی كوردستانیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه پشتی به پره‌نسیپ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ستووه و باوه‌ڕیشی به‌وه‌یه، كه ده‌بێت ئه‌م پانتاییه فراوانتر بكرێت له‌چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستووری عێراق.
هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه، كاری رۆژنامه‌وانی له‌ڕووی چاودێرییه‌وه، نابێت هیچ سانسۆرێكی سیاسی له‌سه‌ر هه‌بێت، به‌ڵام مه‌رجداره به چاودێری و سانسۆری یاسایی، بۆیه له مادده‌ی دووه‌می یاسای كاری رۆژنامه‌وانیدا هاتووه، پێویسته رۆژنامه‌نووس پابه‌ندی ئیتێكی كاری رۆژنامه‌وانی بێت و مافی كه‌سایه‌تی تاكه‌كانیش بپارێزێت و به پابه‌ندبوون به‌و خاڵه ده‌توانرێت له هه‌رێمی كوردستان ئاستی پیشه‌یی كاری رۆژنامه‌وانی بۆ ئاستێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌رز بكرێته‌وه.
جووتیار عادل ئاشكراشیكرد، ماویه‌كه ئێمه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی ده‌ركردنی رێنمایی یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیارین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كارمان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌و یاسایه بچێته بواری جێبه‌جێكردن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به ژماره‌یه‌ك رێكار و بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێم، كه به مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لیه‌ت و میلاكاتی وه‌زاره‌ته‌كان له‌لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌ركراون، هه‌روه‌ها له‌پێناو دیاریكردنی لایه‌نی دارایی بۆ جیبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه و دواتر ده‌ركردنی رێنماییه‌كان.
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌م كاره پێویستی به گرتنه‌به‌ری چه‌ند رێكارێك هه‌یه، بۆیه حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵ ده‌دات به زووترین كات ئه‌و رێنماییانه ده‌ربكرێن، كه خزمه‌تی هاووڵاتییان ده‌كه‌ن.
گوتیشی: ئێمه له فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له سه‌رتاوه هه‌وڵمان داوه په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن پته‌و بكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێستا زانیاری به 40 ده‌زگای رۆژنامه‌گه‌ری نێوده‌وڵه‌تی ده‌درێت، له هه‌مان كاتیش‌دا ئێمه به به‌رده‌وامی له‌ڕێگه‌ی میدیای ترادیشناڵ و میدیای دیجیتاڵه‌وه زانیارییه‌كانمان به هاووڵاتییان داوه، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه توانیومانه بۆ یه‌كه‌م جار بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌م كابینه‌یه له‌سه‌ر وێبسایتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بخه‌ینه به‌رده‌ستی هاووڵاتییان.
H.B