سەرۆک بارزانی و کونسوڵی بەریتانیا هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق تاوتوێ دەکەن
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی بریتانیا لە شاری هەولێر کرد
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی ئەیلوولی 2021 لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤد هەنت کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە شاری هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی تازەی بەریتانیا لە هەولێر خواست لە ئەرک و کارەکانیدا هەروەها سوپاسی بەریتانیای کرد کە لە شەڕی داعشدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە.
هەر لەو دیدارەدا کونسوڵی گشتی بەریتانیا جەختی لە بەردەوامی پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و خوازیاری فراوانتربوونی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لە بواری جۆراوجۆر بوو.
هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو، هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست کە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ببێتە هۆی گۆڕانکاری ئیجابی و بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان.