ڤیدیۆ.. تاڵیبان له ماڵی ئه‌مروڵڵا ساڵحدا گه‌نجینه‌یه‌كی دۆزییه‌وه
سه‌باره‌ت به‌و سامانه‌ی له ماڵه‌كه‌یدا دۆزراوه‌ته‌وه، تا ئێستا ئه‌مروڵڵا ساڵح هیچ زانیارییه‌كی ئاشكرا نه‌كردووه
K24 – هه‌ولێر:
هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له ماڵی ئه‌مروڵڵا ساڵح، جێگری سه‌رۆكی پێشووی ئه‌فغانستاندا شه‌ش ملیۆن دۆلار و 15 قاڵب ئاڵتوونیان دۆزییه‌وه.
ئه‌مروڵڵا ساڵح، یه‌كێكه له نه‌یاره سه‌رسه‌خته‌كانی تاڵیبان و پێش ئه‌وه‌ی له كابول رابكات، رایگه‌یاندبوو، به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ "تیرۆریستانی تاڵیبان له‌سه‌ر مێزێك و له ژێر بنمیچێكدا كۆنابێته‌وه".
دوای راكردنی له كابول خۆی گه‌یانده په‌نجشێر و له‌وێ خۆی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌فغانستان به وه‌كاله‌ت ناساند و دوای ئه‌وه‌ی په‌نجشێر له لایه‌ن تاڵیبانه‌وه كۆنترۆڵ كرا، ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبوویه‌وه، كه ناوبراو رایكردبێت بۆ تاجیكستان.
ئاژانسی "خامه پرێس"ی ئه‌فغانی بڵاویكرده‌وه، له ماڵه‌كه‌ی ئهمروڵڵادا 6 ملیۆن دۆلار و 15 قاڵب ئاڵتوون ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
سه‌باره‌ت به‌و سامانه‌ی له ماڵه‌كه‌یدا دۆزراوه‌ته‌وه، تا ئێستا ئه‌مروڵڵا ساڵح هیچ زانیارییه‌كی ئاشكرا نه‌كردووه.