عێراق: له‌گه‌ڵ ئێران له‌باره‌ی دۆسییه‌ی ئاو نه‌گه‌یشتین به رێككه‌وتن
"ماوه‌ی 6 مانگه ئێران سه‌رچاوه‌ی چه‌م و رووباره‌كانی دیجله‌ی گرتووه‌ته‌وه"
K24 – هەولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی رایگه‌یاند، سه‌رباری گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ ئێران و نێوه‌ندگیریكردن له نێوانی (تاران و ریاز) و (تاران و واشنتن)، هێشتا كۆمه‌ڵێك دۆسیه هه‌ر به كراوه‌یی ماونه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ر نه‌كراون.
ئه‌و سه‌رچاوه راشیگه‌یاند، ماوه‌ی (6) مانگه ئێران سه‌رچاوه‌ی چه‌م و رووباره‌كانی دیجله‌ی گرتووه‌ته‌وه، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، نه‌یتوانی ئه‌و قه‌یرانه‌ی نێوانی تاران و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات.
روونیشیكرده‌وه، محه‌مه‌د ره‌شید وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ته‌قی ئهلخامسی، وه‌زیری وزه‌ی ئێرانی ده‌رباره‌ی دۆسییه‌ی ئاو گفتوگۆیان كردووه.
له‌وباره‌وه، وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق بڵاویكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردوو وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق و وزه‌ی ئێران، به‌غدا داوایكرد لێژنه‌یه‌كی هونه‌ری بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی گرفته‌كانی دۆسییه‌ی ئاو له گه‌ڵ تاران، پێكبهێنرێت.
راشیگه‌یاند، هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتنه رێكه‌وتنێكی دیاریكراو، تایبه‌ت به دۆسییه‌ی ئاو، بۆ بابه‌تی به‌ردانه‌وه‌ی زیاتری ئاویش، ئێران هیچ به‌ڵێنێكی به عێراق نه‌داوه.
رونیشیكرده‌وه، لایه‌نی عێراقی وه‌ك پێشنیار داوایكردووه كه زه‌ره‌رو زیانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران دابه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام لایه‌نی ئێرانی هیچ ره‌زامه‌ندییه‌كی نیشان نه‌دا، به‌ڵكو ته‌نیا پێشنیاری پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی له‌نێوانیان كرد.
جه‌ختیكرده‌وه، پێكهێنانی لێژنه بۆ ئه‌م پرسانه، چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه ناكات، به‌تایبه‌ت له ئێستادا زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراق به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه تووشی زیان هاتوون، ئه‌وه‌ی ئێران ده‌یكات، ته‌نها كات كووشتن و دواخستنی چاره‌سه‌رییه‌كانه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌باح عه‌گیدی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند، مه‌ترسی له‌چاره‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌و دۆسییه هه‌یه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچه كشتوكاڵیانه‌ی كه عێراقییه‌كان وه‌ك تاكه سه‌رچاوه پشتی پێ ده‌به‌ستن، پێویسته لایه‌نه فه‌رمییه‌كانی عێراق سكاڵا له دژی ئێران تۆمار بكه‌ن، كه ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه مافی هاووڵاتیانی له‌باره‌ی ئاوه‌وه زامن بكات.
سه‌رچاوه: ئاژانسه عێراقییه‌كان
ك.ب