نێچیرڤان بارزانی داوایه‌ك له‌ كریستیانه‌كان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان ماڵ و خاکی کریستانەکانە

K24- هه‌ولێر:

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پاتریارك مار ئاواى سێیەم، وەك 122ـەمین پاتریارکى کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوورىیەکان لە عەنکاوە بەڕێوەچوو.

دوای رێوڕسمەکەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ماڵ و خاکی کریستانەکانە و داوا دەکەین ئیرە جێنەهێڵن، چونکە هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی خاكی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتییە.

پاتریارکی كلێسای رۆژهەڵاتی ئاشوورییەکان، باڵاترین پلەی ئایینیە لەلای ئاشوورییەکان، هەولێر بۆ ئاشوورییەکان ناوچەیەکی گرنگە، هەر بۆیە یەکەم پاتریارك لەم ناوچەیە هەڵبژێردراوە و نزیکە 60 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی دۆخی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئایینی عێراقەوە، کورسی پاتریارك لە عێراقەوە چووە ئەمریکا و شەش ساڵ لەمەوبەر گەڕایەوە هەولێر، چونکە وەك فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، کە خۆی کریستیانە رایدەگەیەنێت، هەولێر ماڵێکی ئارامە بۆ تەواوی کریستیانەکان.

هاوكات قه‌شه‌ ئیشه‌، قەشەی کلێسای شۆڕش رایگه‌یاند، لە رۆژانی داهاتوودا پاتریارك بەرنامە و کاری خۆی دادەنێت.

ده‌ستبه‌كاربوونی پاتریارکی نوێی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوورییەکان دوای ئەوە دێت، كه‌ مارگۆرگیس، پاتریارکی ئاشوورییەکان بەهۆی نەخۆشیەوە دەستی لەکارکێشایەوە، مار ئاوای سێیەم، 122ـەمین پاتریارکی رۆژهەڵاتی ئاشوورییەکانە.

H.B

Fly Erbil Advertisment