سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان بەرەو ئەمەریکا هەڵات
تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە تەقینەوەکەی بەیروت ئاشکرا نەکراون
K24 - هەولێر
سەرەڕای دەرچوونی فەرمانی دادگا، بۆ بانگهێشتکردنی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی ساڵی رابردوو بەندەری بەیروت، حەسان دیاب سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان، وڵاتەکەی بەجێهێشت و چووە ئەمەریکا، ئەمەش لەلایەن چاودێرانەوە وەک هەڵاتن لێکدانەوەی بۆ کرا.
لە بەرامبەردا لەیلا حاتوم، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی پێشوو رایگەیاند، گەشتەکەی دیاب، پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و تاوەکو سەردانی منداڵەکانی بکات، کە لە ئەمەریکا دەخوێنن.
تەقینەوەکەی ساڵی رابردووی بەندەری بەیروت، کوژرانی 214 کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی لێکەوتەوە، دادگایەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنرا، بەڵام تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکراون.