ئومێد سەباح: پێویستە نوێنەرایەتییەکی کارامان لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هەبێت

"وەک کورد تا یەکدەنگ بین پێگەمان بەهێزتر دەبێت و دەتوانین مافەکانی خۆمان فەراهەم بکەین"

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پێویستە نوێنەرایەتییەکی کارامان هەبێت، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە هەڤپەیڤێکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتی: "هەموو هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق خاوەن مافە، دەتوانن ئەو مافە لە رێگەی نوێنەرەکانی خۆیانەوە فەراهەم بکەن، بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەرەکانیان بنێرنە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی لە رێگەی دەرکردنی یاسا و چاودێرییەکی باش، مافە زەوتکراوەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەڕێنرێنەوە".

گوتیشی: "دەبێ لە خولی داهاتوو نوێنەرایەتییەکی کارامان لە پەرلەمانی عێراق هەبێت، چونکە هەموو کێشەکان لەوێ یەکلایی دەبنەوە، وەک کورد تا یەکدەنگ بین پێگەمان بەهێزتر دەبێت و دەتوانین مافەکانی خۆمان فەراهەم بکەین، بە هەبوونی نوێنەرایەتییەکی بەهێزی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانرێت شوناسی ناوچە کوردستانییەکان بپارێزرێت، رێگری بکرێت لە هەر یاسایەک کە لە پەرلەمان دژی ئەو ناوچانە دەربچێت، بۆیە گرنگە ئەمجارە بابەتی خاکیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یەکلا بکەینەوە".